بۆ هێرش کردنە سەر سووریا مۆڵەت لە کەس وەرناگرین
بەشی تورکیا- مەولوود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەروەی تورکیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بۆ هێرش کردنە سەر سووریا مۆڵەت لەکەس وەرناگرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی مۆڵەتی هێرش کردنە سەر سووریای لە هیچ کەس وەرنەگرتووە و وەریشی ناگرێت.

چاوشئۆغلۆ وەزیرى دەرەوەى تورکیا کە بەشداریی لە بەرنامەی ڕاستەوخۆی  TRT کرد رایدەگەیەنێت کە وڵاتەکەى هێرشی نەکردوەتە سەر هاوڵاتیانى مەدەنی، بەڵکوو پەکەکە ئەو کارەى کردووە و عێراقیش لەو تەڵەیە تێوە گلاوە.

مەولود چاوشئۆغلۆ وتیشی: "دوای ئەو رووداوە لێکۆڵینەوەمان کرد و راوێژمان لەگەڵ هێزەکانمان کرد کە ئەوان هاوڵاتیانیان نەکردوەتە ئامانج، بەڵکوو ئەوە کارى پەکەکەیە".

ئاماژەى بەوەش کردوە، نابێت عێراق لەو تەڵەیە تێوە بگلێت کە پەکەکە دایناوە، داواشى لە عێراق کرد کە بەیەکەوە رووبەرووى پەکەکە بوەستنەوە.

چاوشئۆغڵو سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شارەکانی باکووری سووریا، ئەو شارانەی بە "شارۆچکەی تیرۆریستی" ناوبرد و وتی: ئێمە ناتوانین لە سووریا بێدەنگ بوەستین. ئێمە داوای مۆڵەتی کەسمان نەکردووە بۆ هێرش کردنە سەر سووریا لە داهاتوویشدا ئەو داوایە ناکەین.