حکوومەتی عێراق یاداشتی ناڕەزایەتى دایە باڵیۆزی تورکیا
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکەی گوندی پەرەخی، باڵیۆزی تورکیای لە عێراق بە بانگهێشت کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی عێراق دوای بانگهێشت کردنی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، عەلی رەزا گیونەی، باڵیوزی تورکیای لە عێراق بانگهێشت کرد بەهۆی ئەو دەستدرێژییە روون و تاوانکارییەی رۆژی 20ی تەمموزی 2022 لە یەکێک لە سەیرانگەکانی گوندی پەرەخی لە شارۆچکەی دەرکاری پارێزگای دهۆک ڕوویدا.

لە یاداشتەکەدا هاتوو: عێراق مافی خۆیەتی هەموو رێوشوێنێک بگرێتە بەر بەگوێرەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لەپێناو پاراستنی سەروەری‌ و خاک‌ و سەلامەتیی هاوڵاتییەکانی لە هەر دەستدرێژییەک، عێراق داوا دەکات هەموو هێزەکانی تورکیا لەناو خاکەکەی بکشێنەوە.

هەروەها، عێراق داوا لە تورکیا دەکات کێشە ناوخۆییەکانی دوور لە سنوری عێراق ‌و زیانگەیاندن بە گەلەکەی، چارەسەر بکات، جگە لەوەش تورکیا بەشێوەی فەرمی داوای لێبووردن بکات لە تاوانەکەی زاخۆو قەرەبووی کەسوکاری شەهید‌ و بریندارەکان بکاتەوە..

ئەوەش خراوەتەڕوو، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەردەوام دەبێت لە کۆکردنەوەی هەموو هەوڵ ‌و سەرچاوەکانی هێز بۆ راوەستان لەبەرامبەر ئەو پەرەسەندنە مەترسیدارەی زنجیرە هێرشەکانی تورکیا.