مەسروور بارزانی: دەبێت وەک قەوارەیەکی فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، "دەبێت وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت".

بەپێی هەواڵ کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ فائق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆ بووەوە و لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی لە سەر بنەمای دەستوور کرا.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ وەکوو قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکرێت.

لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، پشتگیریی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵی لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستوور دەربڕی کە لە بەرژەوەندی ھەموو ھاووڵاتییانی عێراقدا بێت.