هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ ئاشت کردنەوەی کوردەکان و دیمەشق سەرکەوتوو نەبوون

بەشی جیهان- دکتۆر ئیگۆر دێلانۆ، پسپۆڕ لە پرسەکانی ڕووسیا، هەوڵەکانی ئەو وڵاتەی بۆ کەمکردنەوەی گرژیی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندیی سووریا بە سەرنەکەوتوو هەڵسەنگاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕووسیا بە پشتیوانی کردن لە حکوومەتی ناوەندیی سووریا و ڕێگری کردن لە پێشڕەویی سەربزیوان لە دژی حکوومەت، ڕۆڵێکی گرنگی لە پێشهاتەکانی ئەم وڵاتەدا گێڕاوە. ڕووسیا بە هۆی بێ هەڵویستی لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئیدارەی خۆسەری کوردەوە بە خیانەت تۆمەتبار کراوە. به‌رپرسانی کوردی سووریا چه‌ندین جار ئاماژه‌یان به‌ رۆڵی ڕووسیا کردووه‌ وه‌ک ناوبژیوانێک له‌ لێکنزیک کردنی بۆچوونه‌کانی کورد و دیمه‌شق. هەروەها ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٩بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا ڕۆڵی هەبوو لە ڕاگرتنی پێشڕەویی هێزەکانی ئەو وڵاتە لەو ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی کوردانی سووریا.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بۆ لێکۆڵینەوە لە رۆڵی رووسیا لە پێشهاتەکانی سووریا، گفتوگۆیەکی لەگەڵ دکتۆر ئیگۆر دێلانۆ شرۆڤەکاری پرسە سیاسی و بەرگرییەکانی ڕووسیا ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

کاریگەری شەڕی ئۆکرانیا لەسەر پێگەی ڕووسیا لە سووریا

د.ئیگۆر دێلانۆ سەبارەت بە کاریگەریی شەڕی ئۆکرانیا لەسەر ئامادە بوونی ڕووسیا لە سووریا بە کوردپرێسی وت: لە ڕوانگەی لۆجستیکییەوە شەڕی ئۆکرانیا کاریگەریی لەسەر دۆخی ڕووسیا لە سووریا هەیە. لەو کاتەوەی تورکیا گەرووەکانی داخست (دوای شەڕی ئۆکرانیا)، ڕووسیا نەیتوانیوە نە لە ڕێگای دەریایی و نە لەڕێگای فەوجەکانیەوە لە دەریای ناوەڕاست دا بجووڵێت. تەنها یەک ڕێگا بۆ دەستپێڕاگەیشتنی ڕووسیا بۆ سووریا ماوەتەوە ئەوەش هێڵی ئاسمانیی ئێران و عێراقە.

تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر کورد پێویستی بە گڵۆپی سەوزی مۆسکۆ هەیە

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا تورکیا پێویستی بە گڵۆپی سەوزی ڕووسیا هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر کوردەکان، وتی: بەڵێ ڕاستە. تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر کوردەکانی سووریا پێویستی بە گڵۆپی سەوزی مۆسکۆ هەیە. ئەگەرنا ئەگەری پێکدادان لەنێوان هێزەکانی تورکیا و هێزەکانی سووریا لە ئارادایە کە هەردوو لایەنەکە خۆیان لەم جۆرە ڕووبەڕووبوونەوە بەدوور دەگرن.

ناوبراو سەبارەت بە كشانەوەی ژمارەیەک له هێزەكانی رووسیا له سووریا و ڕەوانه كردنیان بۆ ئۆكرانیا، وتی: ناتوانین ئەو راپۆرتانه پشتڕاست بكەینەوه كه سەبارەت به كشانەوەی هێزەكانی رووسیان له سووریا.

سەبارەت بە بەهێزكردنی پێگەكانی ڕووسیا و ئەمریكا لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی كوردەكانی سووریا، د.دێلانۆ زیادی كرد: ئەگەر راپۆرتەكان لەبارەی بەهێزكردنی پێگە سەربازییەكانی ئەمریكا و ڕووسیا لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریادا ڕاست بێت، بەو مانایەیە کە ئەم دوو وڵاتە لە ئامادەکاریدان بۆ وەڵامدانەوەی ئەگەری هێرشی تورکیا.

ڕۆڵی مۆسکۆ لە دانوستانەکانی نێوان کورد و دیمەشق

شارەزای پرسە سیاسی و بەرگرییەکانی ڕووسیا سەبارەت بە رۆڵی رووسیا لە دانوستانەكانی نێوان كورد و حكوومەتی ناوەندیی سووریا رایگەیاند: كورد و حكوومەتی سووریا لە سەر هەڵویستەکانی خۆیان کمووڕن. ڕووسیا هەوڵی داوە گرژی و ئاڵۆزی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندی سووریا کەم بکاتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. ئەگەر کورد چاوەڕێی ئەوە بکات کە ڕووسیا بتوانێت ڕۆڵی جێگرەوەی ئەمریکا بۆ ئەوان بگێڕێت و چەترێکی پاڵپشتی سەربازی و دارایی بۆ دروست بکات، لەوانەیە نائومێد بێت.

ناوبراو ڕایگەیاند: سەروەریی سووریا بۆ رووسیا گرنگە. ڕەنگە ڕووسیا هەندێک ماف بە کورد بدات، بەڵام بە بڕوای مۆسکۆ دەبێ ئەو جۆرە مافانە لە چوارچێوەی کۆماری سووریادا بن.

News Code 6506

Your Comment

You are replying to: .
captcha