کوردەکانی سووریا تووڕەن لە بێ هەڵویستیی ئەمریکا و ڕووسیا هەمبەر تورکیا

بەشی جیهان- هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردی سووریا رایدەگەیەنێت، ئەمریکا بچووکترین هەنگاوی بۆ بەرگریکردن لە کوردەکان لە دژی تورکیا نەناوە، ڕووسیاش بە کوردەکان دەڵێت خۆیان رادەستی حکوومەتی ناوەندیی سووریا بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەرچەندە حکوومەتی تورکیا هەڕەشەکانی بۆ سەر کوردانی سووریا بەکرداری نەکردووە و نەیکردۆتە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان، بەڵام فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەو وڵاتە چەند فەرماندەیەکی هێزە کوردییەکانی سووریایان کوشتووە و تۆپخانەکانیشی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان کردۆتە ئامانج. هاوکات ئەمریکا کە هاوپەیمانی کوردە هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە و ڕووسیا نەیتوانیوە بۆچوونەکانی کورد و حکوومەتی سووریا لە یەک نزیک بکاتەوە.

ساڵح موسلیم، یەکێک لە سیاسەتمەدارە دیارەکانی سووریا و هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی سووریا، دەڵێت بێدەنگی و بێ هەڵویستیی ئەمریکا و ڕووسیا کاریگەریی دانەوە لەسەر تورکیا و ئەو وڵاتەی بوێر کردۆتەوە.

ناوبراو بە گۆڤاری ئەلمۆنیتۆری ئەمریکیی ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا تورکیا هەموو ئامادەکارییەکی بۆ هێرش کردنە سەر کوردەکانی سووریا کردووە، بەڵام نە ڕووسیا و نە ئەمریکا هیچ ڕێوشوێنێکیان نەگرتووەتەبەر بۆ ڕێگری کردن لە هەڵمەتەکانی تورکیا.

ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی ڕووسیا بە تایبەت سەبارەت بە دانوستانەکانی کورد و دیمەشق وتی: ڕووسیا تەنیا پێمان دەڵێت تەسلیمی حکوومەتی ناوەندیی سووریا بین.

ساڵح موسلیم زۆرترین ڕەخنە لە ئەمریکا دەگرێت، چونکە بە گوتەی ئەو، واشنتۆن وەک هاوپەیمانێکی کورد بچووکترین هەنگاوی نەناوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​کوردەکانی سووریا لەم هەڵوێستەی ئەمریکا تووڕەن و پێیان وایە لە بەرامبەر ئەو هەموو قوربانییە کە داویانە لە لایەن ئەمریکاوە خەیانەتیان پێدەکرێت.

ناوبراو ئاماژەشی داوە بە کاردانەوەی ئەمریکا بۆ کوژرانی سەلوە یوسف، جێگری مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریا دیموکرات لە هێرشێکی درۆنەکانی تورکیا کە فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە 24-7-2022 تویتێکدا بەبێ ئەوەی ناوێک لە تورکیا بەرێت وتی: "سەلوا سەرکردەیەکی دیاری هەسەدە بوو لە شەڕەکاندا دژی داعش، و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی کەسوکاری سەلوا کرد.

ساڵح موسلیم چۆنییەتیی کاردانەوەی ئەمریکای بۆ گیان سپاردنی ئەم فەرماندە کوردەی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە زۆر نەشیاوانە وەسف دەکات و دەڵێت: "کاردانەوەی ئەمریکا بە شێوەیەک بووە کە دەڵێی کوژرانی سەلوا ئەنجامی خواستی چارەنووس بووە".

News Code 6519

Your Comment

You are replying to: .
captcha