خەڵک لە ترسی تۆپبارانەکانی تورکیا لە ماڵ نایەنە دەر

بەشی سووریا- ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (الپارتی) رایگەیاند: تورکیا مۆڵەتی بۆ هێرشی زەمینی وەرنەگرتووە، بەڵام بە توندی تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان دەکات.

حسێن مەستۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (الپارتی) و نوێنەری ئەم حزبە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستانی سووریا و چڕتر بوونەوەی هێرشی تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا دەڵێت: ئێمە لەگەڵ هێرشەکان بۆ سەر ئەم ناوچانە نین و تۆپبارانەکانی تورکیا لە خاکی کوردستان ئیدانەی دەکەین.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا کۆبوونەوەیەک لەنێوان تورکیا و ڕووسیا و ئێران لە تاران بەڕێوەچوو، کە بەدڵنیاییەوە دەستکەوتی بۆ هەر سێ لایەنەکە هێنا، بەڵام ئەوەی روونە هێرشێکی دیکەی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا رێککەوتنی لەسەر نەکراوە.

حسێن مەستۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێمان وایە تورکیا مۆڵەتی هێرشی زەمینیی وەرنەگرتووە، بەڵام تۆپباران کردنی ناوچە سنوورییەکان هێشتا بەردەوامە.

ئەم سیاسەتمەدارە کوردە ئاماژەی بەوە کردووە: دۆخی کوردستانی سووریا ناخۆشە و ترسێکی زۆر لەنێو خەڵکدا هەیە و خەڵک کەمتر لە ماڵەکانیان دێنە دەرەوە.

ئەندامەکەی الپارتی ئاماژەی به وەش کرد: ڕێککەوتنێک لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی ناوەندیدا کراوە کە سەربازەکانی سووریا لە سەر سنووری تورکیا لە ناوچەکانی کۆبانێ و مەنبج و تەلڕەفعەت ئامادە دەبن بەڵام هیچ زانیاریەکی دیکە لەمبارەوە بەردەست نییە.ئەوەی کە ئاشکرایە ئەم ڕێێکەوتنە بە نێوەندگیریی ڕووسیا کراوە و دیارە کە ئەمریکییەکانیش دژی نەوەستاون.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: به‌رده‌وام بوونی ئه‌م دۆخه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵک نییه‌ و هەموو ئەو هێزانه‌ی له‌ سووریا ئاماده‌ن جگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بیر له‌ هیچ شتێکی تر ناکه‌نه‌وه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌ وایکردووه‌ لەمپەڕ لەبەردەم پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسی لە سووریا دروست ببێت.

News Code 6521

Your Comment

You are replying to: .
captcha