هەرێمی کوردستان دەبێت لە دژی دەستدرێژییەکانی تورکیا بوەستێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سیاسەتمەدارێکی کوردی سووریا ڕایدەگەیەنێت: پێویستە هەرێمی کوردستان بە فەرمی دان بە کوردستانی سووریادا بنێت بۆ ئەوەی کوردەکانی هەردوولا بتوانن ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنن.

گەلۆ عیسا ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S) لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە هێرشی تورکیا بۆ سەر زاخۆ لە هەرێمی کوردستان کوشتنی چەند هاووڵاتییەکی عەرەبی مەدەنی چۆن هەڵدەسەنگێنن، ڕایگەیاند: هێرشی تورکیا بۆ سەر زاخۆ کۆمەڵکوژییە و پەیوەندیی بە سروشتی دەستدرێژیکەرانەی تورکیاوە هەیە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تورکیا ناتوانێت بوونی کورد لە خاکی خۆیدا قبووڵ بکات و دەیەوێت دەستکەوتە سیاسییەکانی کورد لە عێراق و سووریا لاواز بێت و دواجار لەناویان ببات.

گەلۆ عیسا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: "تورکیا ڕێککه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یی پێشێل ده‌کات و ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سنووره‌کانی سەردەمی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی، له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م نه‌خشه‌شدا ناوچه‌کانی کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریا تا که‌رکووک دەبینرێت".

ئەندامەکەی (P.D.K.S) ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: جەوهەری تورکیا هەر ئەمەیە و پێویستە هه‌موو ڕه‌وته‌ سیاسییه‌کان لە ناوچه‌ جیاجیاکانی کوردستان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م پیلانگێڕیگەلەی تورکیا وریا بن.

ئەم سیاسەتمەدارە کوردە ڕوونی کردەوە: ئامانجی تورکیا دەرکردنی گەلی کوردە لە خاکی خۆیان و جێگیرکردنی کۆچبەرانی بیانی لەو ناوچانەدا، هەروەها ئەم پلانەی لە گرێ سپی و سەریکانی و عەفرین جێبەجێ کردووە.

گەلۆ عیسا ڕاشیگەیاند: بوونی پەکەکە تەنیا بیانوویەکە بۆ فراوانخوازیی تورکیا و ئەم وڵاتە مکووڕە لەسەر ڕەت کردنەوەی شۆناسی کورد بۆیە پێویستە حزبە کوردییەکان یەکدەنگ و یەکگرتوو بن و بۆ ئازادی و بەختەوەریی گەلی کورد تێبکۆشن.

گەلۆ عیسا ئاماژەشی دا بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و روونیکردەوە: هەموو عێراق لە دژی تاوان و دەستدرێژییەکانی تورکیا هاتۆتە دەنگ، و داوای کشانەوەی سوپای تورکیا دەکەن لە وڵاتەکەیان. بۆیە داوا لە هەرێمی کوردستان و حزبە سیاسییەکانی ئەم ناوچە دەکەین کە ڕووبەڕووی داگیرکاریی تورکیا بوەستن و بڵێن چیدی بەسە.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: بۆ ئەوەی کوردەکانی سووریا و عێراق بتوانن ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنن پێویستە هەرێمی کوردستان بە فەرمی دان بە کوردستانی سووریادا بنێت .