هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێی تورکیا بۆسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی داعش
بەشی جیهان- وەزیری دەروەی ئەڵمانیا دەڵێت هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازیی تورکیا بۆسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی داعش.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازیی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەبێتە هۆی زیادبوونی مەینەتیی خەڵک و یارمەتیدەری رێکخراوی داعشیش دەبێت.

مەولوود چاوشئۆغلو لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: "نیگەرانییەکانی تورکیامان لەبارەی چالاکییەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەنێو ئەڵمانیا بە وەزیری دەرەوە گەیاند و چاوەڕوانی هەنگاوی کۆنکرێتییان لێدەکەین".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش وەڵامی هاوشانە تورکییەکەی دایەوە و گوتی، "بەرلین بەو جۆرە مامەڵە دەکات کە پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە".

شایانی باسە تورکیا لە ساڵی 2016ـەوە سێ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ نێو خاکی سووریا ئەنجام داوە. دووانیان بۆسەر کوردستانی سووریا بوون کە لە ساڵانی 2018 و 2019دا بۆسەر هەرێمی عەفرین و ناوچەی سەرێ کانی ئەنجام درا. نزیکەی دوو مانگیشە بەرپرسانی باڵای تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دەکەن و گوتوویانە ئامانجەکەیان تلڕەفعەت و منبجە.