روفاتی 100 ئەنفالکراو گەڕایەوە هەرێمی کوردستان
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- روفاتی 100 ئەنفالکراوی بارزانیەکان گەیشتەوە خاکی هەرێمی کوردستان و لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە پێشوازیی کران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بە ئامادە بوونی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و بەرپرسانی پەرلەمانی کوردستان و  و جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوەيەکگرتووەکان لە عێراق، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی کرا لە گەڕاندنەوەی 100 روفاتی ئەنفالکراوانی ناوچەی بارزان.

روفاتەکان ئەمڕۆ یەکشەممە 31-7 بە رێوڕەسمێک دەگەڕێنەوە گۆڕستانی ئەنفالەکانی بارزان لەناحیەی بارزان و بەخاک دەسپێردرێن.

لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونی حکوومەتی هەرێم لە وتەیەکدا رایگەیاند: هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن لە پرۆسەی دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕی ئەنفالکراوان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان.