بێدەنگیی جیهان هەمبەر هێرشەکانی تورکیا مایەی شەرمەزارییە/ دەیانەوێت بمانخەنەوە ئامێزی دیمەشق
بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا ڕایدەگەیەنێت: خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر نموونەیەکی سەرکەوتووی دیموکراسییە لە سووریایەک کە تووشی شەڕە، تورکیا بوونی ناوچەیەکی دیکەی کوردی لە سنوورەکانیدا تەحەمول ناکات.

کۆفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا، لە وەڵامی پرسیاری کوردپرێسدا کە بۆچی سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا و ئێران دژی هێرشی تورکیا بوون بۆ سەر کوردستانی سووریا، تورکیا تا ئێستاش بەردەوامە لە هێرشی تۆپخانەیی، روونیکردەوە: تورکیا بەدەوام دژی پێکهێنانی دەسەڵاتێکی کوردی لە ناوچەکەدا بووە و ئەمەش بابەتێکی ئاشکرایە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دە ساڵ بەسەر قەیرانی سووریادا تێدەپەڕێت و تورکیا چەندین جار هەوڵی لە ناوبردنی ئیدارەی خۆسەری داوە کە نموونەیەکی سەرکەوتووی دیموکراسییە لە ناوچەکەدا. ئه‌م نموونه‌ سه‌رکه‌وتووه‌ له‌ هه‌موو پێکهاته‌ ئەتنیکی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی سووریا پێکهاتووه‌ که‌ ئیداره‌یه‌کی دیموکراسییان له‌م ناوچه‌یه‌دا پێکهێناوه‌.

ناوبراو جەختیشی کردەوە: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئیدارەی خۆسەر لە هەموو لایەکەوە لە ژێر سزا و گەمارۆی سیاسیدا بووە، بەڵام توانیویەتی ئەم قەیرانە بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنێت.

کەنعۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: ئه‌و وڵاتانه‌ی دژی هێرشه‌کەی تورکیان هەڵویستێکی یەکلاکەرەوەیان نەبووە، ئه‌مش وای کردووە تورکیا به‌ربه‌ستێکی جددی نه‌بینێت بۆ به‌رده‌وامبوون لە هێرشه‌کانیدا.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان هەمبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا ڕایگەیاند: پێویستە لایەن و ڕەوتە کوردییەکان لەم بوارەدا یەکهەڵویست بن و بگەنە نەخشەڕێگایەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەکانی تورکیا.

کەنعۆ وەبیری هێنایەوە: پلانی تورکیا فراوانخوازیی خاک و گۆڕینی دیمۆگرافیای جوگرافیای کوردە و پێویستە هەمووان باش بزانن و پێویستە وڵاتانی ناوچەکە پەنا بۆ رێوشوێنی جددی بەرن و خۆیان لە وتەی بێ کردار بەدوور بگرن بۆ ئەوەی رێگری لە زیادەڕەویی ئەردۆغان بکەن.

ئەم سیاسەتمەدارە کوردە سەبارەت بە پرۆژەی ئیدارەی خۆسەر بۆ نزیکبوونەوە لە حکوومەتی سووریا وتی: ئامانجیان ئەوەیە ئیدارەی خۆسەر ئەوندە لاواز بکرێت کە بگەڕێتەوە باوەشی حکوومەتی ناوەندی.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: هێزه‌کانی ئێمە توانایی رووبه‌ڕووبوونه‌وهی‌ هه‌ر چەشنە هه‌ڕه‌شه‌یه‌کیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها بوونی ژماره‌یه‌ک له‌ هێزه‌کانی حکوومه‌تی ناوه‌ندی له‌ ناوچه‌ بەم واتای ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ئەتوانن ببنە هەڕەشەیەک بۆسەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.