کاردانەوەی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ ڕووداوەکانی ئەمدواییەی ناوچەی سەوز
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق پەیامێکی لەبارەی دۆخی ئەمدواییەی عێراق بڵاو کردەوە و ڕایگه‌یاند، پێویستە به ‌زووترین کات گفتوگۆیه‌کی نیشتمانیی راستگۆیانه‌ی جددی ده‌ستپێبکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرهەم ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ په‌یامەکەیدا  ڕایگەیاند: "به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی له‌مڕۆدا یه‌خه‌ی وڵاته‌که‌مانی گرتووه‌، ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موومانه‌ پابه‌ند بین به‌ هێورکردنه‌وه‌ی دۆخه‌که‌ و زاڵ کردنی زمانی ئه‌قڵ و دیالۆگ و گفتوگۆ، هه‌روه‌ها پێویسته‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای وڵات بخه‌ینه‌ سه‌روی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی دیکه‌وه".

ناوبراو دەشڵێت: پێویسته‌ هه‌موو رۆڵه‌کانی عێراق به‌ هێز و بازووی خۆیان پێکه‌وه‌ نیشتمان بپارێزن و له‌ جاران زیاتر یه‌کرێز و یه‌کده‌نگ بین و نه‌هێڵین ناکۆکییه‌ ناوخۆییه‌کان په‌رته‌وازه‌مان بکه‌ن".

سەرۆک کۆماری عێراق جەختیشی کردووەتەوە، "پێویستی زۆرمان به‌ سازان و گفتوگۆی جددی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناکۆکه‌کان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی رابردوو، تاوه‌کو وڵاته‌که‌مان ببه‌ینه‌ که‌ناری ئارام، دۆخی ئێستای وڵات و داواکارییه‌ ره‌واکانی جه‌ماوه‌ر که‌ ده‌مێکه‌ سه‌بر و ئارامی گرتووه‌، هه‌مومان ده‌خاته‌ ژێرباری ئه‌رکێکی قورسه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ کاری ماندونه‌ناسانه‌ی جددی و لێبڕاو هه‌یه‌ بۆ راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ و که‌موکورتییه‌کانی رابردوو، هه‌روه‌ها کۆتایی هێنان به‌ نادادی و سته‌مکاری و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چه‌سپاندنی بنه‌ماکانی ده‌وڵه‌تێکی توانادار که‌ بتوانێت خزمه‌ت به‌ سه‌رجه‌م هاوڵاتییه‌کانی بکات و بیانپارێزێت، جگه‌ له‌م بژارده‌یه‌ش، هیچ بژارده‌یه‌کی دیکه‌مان له‌ به‌رده‌مدا نییه‌".

بەرهەم ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "عێراقییه‌کان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن خزمه‌تی زیاتریان بکه‌ین، ئه‌وان شایسته‌ی ژیانێکی شکۆدارانه‌ی باشترن که‌ بتوانن به‌ ئازادی بژین".