نێچیرڤان بارزانی لايه‌نه‌ سياسييه‌کانى عێراق بانگهێشت ده‌کات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر له‌ هه‌ولێر کۆ ببنەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی بەغدا و خۆپیشاندانەکان راگەیاند، به‌ نيگه‌رانييه‌کى قووڵه‌وه‌ له‌ دۆخى سياسيى عێراق و پێشهاته‌کانى ده‌ڕوانن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، به‌ نيگه‌رانييه‌کى قووڵه‌وه‌ له‌ دۆخى سياسيى عێراق و پێشهاته‌کانى ده‌ڕوانين، داوا له‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌ ناکۆکه‌کان ده‌که‌ين دان به‌ خۆياندا بگرن و بۆ چارسه‌رکردنى کێشه‌کان گفتوگۆى ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێ بکه‌ن.

ناوبراو ئاماژەى بەوەش کردووە، له‌ کاتێکدا ڕێز له‌ خواستى خۆپيشاندانى ئاشتيانه‌ى جه‌ماوه‌ر ده‌گرن، جه‌خت له‌ پاراستنى دامه‌زراوه‌کانى ده‌وڵه‌ت و ئاسايش و سه‌ر و ماڵى هاووڵاتييان و کارمه‌ندانى ده‌وڵه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌.

بارزانی دەشڵێت، گه‌لى عێراق شايانى داهاتوويه‌کى باشتره‌ و ئه‌رک و به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌شى هه‌موو هێز و لايه‌نه‌کانه‌ پێکه‌وه‌ عێراق له‌م دۆخه‌ هه‌ستيار و مه‌ترسيداره‌ ده‌رباز بکه‌ن.

سەرۆکى هەرێم راشیگەیاندووە، هه‌رێمى کوردستان وه‌ک هه‌ميشه‌ به‌شێک ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ر، بۆيه‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌ په‌يوه‌نداره‌کانى عێراق بانگهێشت ده‌که‌ين بێن له‌ هه‌ولێرى پايته‌ختى دووه‌ميان ده‌ست به‌ گفتوگۆيه‌کى کراوه‌ى کۆکه‌ره‌وه‌‌ بکه‌ن و له‌ سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاکانى وڵات بگه‌نه‌ لێکگه‌يشتن و ڕێککه‌وتن. هيچ کێشه‌يه‌ک نييه‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر نه‌کرێت.