سەد پەرلەمانتاری فەرەنسی داوای پاراستنی کوردەکانی سووریا دەکەن

بەشی جیهان- 100 پەرلەمانتاری فەرەنسا ئیدانەی سیاسەتی جەنگ و هێرشەکانى ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەکەن کە بەرامبەر كورد لە کوردستانی سووریا ئەنجامى دەدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا هەواڵێکى بڵاو کردوەتەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کردووە: "لەکاتێکدا کە جیهان دۆخێکى ئاڵۆز تێدەپەڕێنێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا پلان دادەنێت بۆ هێرشێكی خوێناوی بۆسەر كوردەکانی باكووری سووریا".

پەرلەمانتار و ئەندامانی ئەنجومەنی پیران کە لە شیوعییەكان، پارتی چەپی ڕادیكاڵی، سۆسیالیستەكان، پارتی ژینگە، كۆمارییەكان و پارتەكە ئیمانوێل ماكرۆن پێکهاتوون و واژوویان کردوە، رایانگەیاندوە، ئەردۆغان پێگە ناوچەکەی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانى ناتۆ لە قەیرانی ئۆكرانیادا بەكاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ناتۆ بۆ ئەنجامدانى هێرشەكانی لە باكووری سوریا.

ئەو پەرلەمانتارانەی فەرەنسا داوایان لە وڵاتانی ئەورووپا کردوە چاوپۆشى لەو هەوڵەی ئەردۆغان نەکەن و هاوکات داواش لە وڵاتانی ئەورووپا دەکەن کە چالاکوانان و کەسایەتییە سیاسییەکانى کورد لەسەر خاکی وڵاتەکانیاندا بپارێزن.

هەروەها ئەو پەرلەمانتارانە داوا لە حکوومەتى وڵاتەکەشیان دەكەن هانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بدات بۆ سەپاندنی ناوچەی قەدەغەی دژە فڕین لە باکووری سووریا و دانانی پابەندییەکى نێودەوڵەتى بۆ پاراستنى کوردەکان.

هاوکات داواشیان لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کوردستانی سووریا کردووە کە سوود وەرگرێت لە دانپیادانانی نێودەوڵەتی و ئەو پشتیوانیانە بکەن کە وڵاتانى هاوپەیمان و ولاتانی دیکە پێشکەشیان دەکرێت.

پەرلەمانتارەکان داوایان لە حکوومەتی فەرەنسا کرد دۆخی کوردەکانی سووریا و هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەریان لە ئەنجومەنی ئاسایشدا باس بکەن تا بەستێن بۆ ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین لە باکووری سووریا فەراهەم بکرێت.

نوێنەرەکانی پەرلەمانی فەرەنسا هەروەها داوای بە فەرمی ناساندنی ئیدراەی خۆسەری باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایان کردووە.

News Code 6559

Your Comment

You are replying to: .
captcha