باشترین بژاردە بۆ تورکیا هاوکاری کردن لەگەڵ دیمەشق و گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ئەدەنەیە
بەشی جیهان- دکتۆر جۆزێف داهێر دەڵێت باشترین بژاردەی تورکیا بۆ کونترۆڵ کردنی کوردەکانی سووریا نە شەڕ کردن و نە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازییە، بەڵکوو ئەوەیە کە هاوکاری لەگەڵ دیمەشق بکات و بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنامەی ئەدەنە کە لەبارەی کونترۆڵی هێزە کوردەکانە لە باکووری سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ئێستادا هەڕەشەکانی تورکیا لە سەر کوردەکانی سووریا گرنگترین بابەتی سووریایە. زۆربەی ئەکتەرە بیانییەکان لە سوریا دژایەتیی ئاشکرای خۆیان بۆ هێرشەکەی تورکیا دەربڕیوە، بەڵام هەڕەشەکانی بەرپرسانی تورکیا بەتایبەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە دژی کوردەکانی سووریا بەردەوامە. ئاژانسی کوردپرێس بۆ لێکۆڵینەوە لە دوایین پێشهاتەکانی سووریا بە تایبەت سەبارەت بە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆ سەر کوردەکان، دیمانەیەکی لەگەڵ شرۆڤەکاری پرسەکانی سووریا ئەنجام داوە.

ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا

جۆزێف داهێر سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا بە کوردپرێسی وت: تورکیا هێشتا پێویستی بە گڵۆپی سەوزی ڕووسیا هەیە و تا ڕادەیەکی کەمتریش ئێران بۆ هێرش کردنە سەر کوردانی سووریا. هەڵبەت ئەمریکاش دژی وەها هێرشێکە لەدژی کوردەکان.

ناوبراو زیاتر وتی: "لە ئەنجامدا ئەم هێرشە لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕوونادات، بەڵکوو تورکیا بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە ئیدارەی خۆسەری کورد لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەو خاکەی لەژێر دەستیدایە". "تورکیا بەردەوام دەبێت لە جۆرەکانی تری هێرش، بۆ نموونە ئەو هێرشەی لەم دواییەدا و لە کۆتایی مانگی تەمموزدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامی دا و کوژارنی چوار ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکراتی لێکەوتەوە لەوان سێ شەڕڤانی ژن".

رۆڵی هەماهەنگیی نێوان کورد و دیمەشق لە ئەگەری هێرشی تورکیا

پسپۆڕەکەی کاروباری سووریا، سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان کورد و دیمەشق بۆ بڵاوەپێکردنی هێزەکانی حکوومەت لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی کوردانی سووریان، دەشڵێت: ئەم هەماهەنگییە لەنێوان کورد و دیمەشق کە پێشتر هەبووە، کاریگەرە. لە ماوەی رابردوودا هێزە کوردییەکان بە پشتبەستن بە رێککەوتنێک لەگەڵ دیمەشق رێگەیان بە هێزەکانی حکوومەتی دا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان جێگیر ببن و مێژووی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی تورکیا لە ساڵی 2019 دژی کورد کە پاش ئەو ڕێککەوتنە هێزەکانی سووریا لە تەلڕەفعەت و دەوروبەری بڵاوەیان کرد.

ناوبراو سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ڕێککەوتنی نێوان کورد و دیمەشق وتی: سوپای سووریا هێشتا لاوازە و هێزەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر دەتوانن لە ئێستادا لەگەڵی ڕێکبکەون. هەر هێرشێکی تورکیا بە واتای کۆتایی هاتنی بوونی و کاریگەری هێزەکانی سووریا لەو ناوچانە دێت کە تیایدا ئامادەن. بەڵام لەڕووی سیاسییەوە هەر هێرشێکی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی حکوومەتی سووریا دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژییەکی زۆر لەگەڵ ڕووسیا و ئەنقەرەش نایەوێت ئەم حاڵەتە ڕوو بدات.

ناوبراو سەبارەت بە بژاردەی بەردەستی تورکیا لە بری ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ کۆنترۆڵ کردنی هێزە کوردییەکان لە سووریا، زیادی کرد: بۆ تورکیا باشترین بژاردە ئەوەیە کە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەدەنە: بە واتایەکی تر هاوکاریی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە بۆ ڕزگاربوون لە چەکدارانی پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل لە خاکی سوریا. لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسێکی تورکیا کە دەڵێت تورکیا پشتیوانی لە بەهێزکردنی حوکمڕانی لە سووریا دەکات، بەم ئاراستەیەن. بەڵام ئەم پرسە کاتێکی زۆری دەوێت و ئێستا روونادات.

بەهێزکردنی پێگەکانی ڕووسیا و ئەمریکا بۆ ڕێگری کردن لە هێرشی تورکیا

دکتۆر جۆزێف داهێر سەبارەت بە بەهێزکردنی پێگەکانی ڕوسیا و ئەمریکا لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکانی سوریادان و کاریگەرییەکەی لە ڕێگریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا وتی: ئەمریکا ناتوانێت هیچ لەو ناوچانە بکات کە تورکیا هەڕەشەی لێکردوون لە دەریبهێنن دەستی کوردەکان، بەڵام ڕووسیا ڕۆڵێکی گەورەتر دەگێڕێت لە ئەم ناوچانەی هەیە. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەم هێرشە ئەگەرییەی تورکیا پێویستی بە گڵۆپی سەوزە لەلایەن ڕووسیاوە، کە تا ئێستا نەتوانراوە.

ئەگەری رێککەوتنی نێوان تورکیا و رووسیا لەسەر کورد

سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتنی نێوان تورکیا و رووسیا لەسەر کورد زیادی کرد: رووسیا گرنگترین ئەکتەرە لەو ناوچانەی سووریا کە تورکیا هەڕەشەی داگیرکردنی لێکردووە. ئەگەر ڕووسیا لەبەرامبەر ئەو گڵۆپە سەوز کە بۆ تورکیا هەڵی دەکات شتێک بەدەست نەهێنێت، جا لە سوریا بێت یان ئۆکراینا، لەوانەیە ئەم ڕێککەوتنە ڕووبدات. رووسیا پێشتر رێککەوتنێکی لەو شێوەیەی لەگەڵ ئەنقەرە کردبوو سەبارەت بەو ناوچانەی لەژێر دەستی کوردەکانی سووریادا بوون، کە تورکیا دەستی بەسەردا گرتبوو. چارەسەرکردنی ئەم پرسە پەیوەندی بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ڕووسیا و پاراستنی حکوومەتی سووریاوە هەیە. ڕووسیا هیچ بایەخێکی بە چارەنووسی ئیدارەی خۆسەر و نە دانیشتوانی کورد نادات. ڕووسەکان ئامادەن بۆ بەرژەوەندی سیاسیی خۆیان کوردەکان بکەنە قوربانی.

دکتۆر جۆزێف داهێر هەروەها لە دەقێکی دیکەی جیادا کە بۆ کوردپرێسی ناردووە سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان کورد و دیمەشق جەختی کردۆتەوە کە نابێت ڕێککەوتنی نێوان کورد و دیمەشق وەک جۆرێک لە هاوپەیمانی نێوان ئەو لایەنە سەیر بکرێت، بەڵکوو پێویستە تەنها وەک ڕێککەوتنێکی تاکتیکی چاوی لێبکرێت.

ئەم پسپۆڕەی پرسەکانی سووریا پێیوایە هێشتا دیمەشق ئیدارەی خۆسەری کورد لە سووریا بە کێشەیەک دەزانێت کە دەبێت چارەسەر بکرێت و کۆتایی پێ بهێنرێت. حکوومەتی سوریا هەرگیز دان بە مافی چارەی خۆنووسینی کورددا نانێت و ئەمەش بەبۆنەی ئەو سەرچاوە سیاسی و ئابووری و نەوتییانەیە کە لە باکووری سووریا هەڵکەوتووە.

دکتۆر داهێر وەبیری هێنایەوە کە حکوومەتی ناوەندیی سووریا بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری کورد لە سووریا بە جیاییخواز و داسپاردەی ئیمپریالیزم دەزانێت.