ئه‌گه‌ر ده‌ستووری عێراق بگۆڕدرێت هه‌موو مافه‌کانی کورد لاده‌برێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کەسایەتی و چاودێری دیاری سیاسی کورد له‌باره‌ی   گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی له‌ عێراق هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت، کورد نابێت پشتیوانی ئه‌و شتانه‌ بکات و ده‌بێت داوا بکات ده‌ستور جێبه‌جێ بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود عوسمان ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌باره‌ی دۆخی عێراق و داوای موقته‌دا سه‌در بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی له‌ عێراق، به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاندووە: "هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دۆخه‌ پێکنه‌هێنانی حکوومه‌تی عێراقه‌ که‌ هیچ لایه‌نێک نه‌یتوانی زۆرینه‌ پێکبهێنێت، به‌تایبه‌تی موقته‌دا سه‌در که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا زۆرینه‌ی کورسییه‌کانی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، موقته‌دا سه‌در ئێستا هیچ حسابێک بۆ په‌رله‌مانی عێراق و حکوومه‌ت ناکات و دۆخێکی ناڕێک له‌ عێراقدا هه‌یه‌، "هیوادارم له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکدا هه‌مووان پێکه‌وه‌ دابنیشن و کێشه‌کان به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بکه‌ن و گفتوگۆ بکه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت هه‌ڵبژاردنێکی دیکه‌ بکه‌ن ئه‌وا ده‌توانن کاری بۆ بکه‌ن".

مەحموود عوسمان باسی له‌وه‌ش کرد، "به‌بڕوای سه‌در، حوکمی ره‌شید ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت و ده‌یه‌وێت فه‌رزی بکات، به‌ڵام به‌شێوه‌ی خۆی، خه‌ڵکی زۆریش هه‌یه‌ که‌ پشتیوانی ده‌کات و ناڕازیین له‌وانی دیکه‌، دوژمنی ئه‌ساسی سه‌در، مالیکییه‌ و ئه‌وه‌ش مێژوییه‌کی هه‌یه‌".

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت چوارچێوه‌ی هه‌مانگی و ره‌وتی سه‌در بتوانن پێکه‌وه‌ دابنیشن، مەحموود عوسمان وتی: "تا ئێستا چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌ڵێت ئاماده‌ن بۆ کۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام سه‌در زۆر دژی مالیکییه‌ و ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵیدا کۆ نه‌بێته‌وه‌".

په‌یوه‌ست به‌ داواکه‌ی سه‌در بۆ گۆڕینی ده‌ستوور و سیستمی حکومڕانی له‌ عێراق، ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ وتی: "ئه‌وه‌ی ئێستا سه‌در ده‌یه‌وێت مالیکیش داوای ده‌کات، پێشتریش مالیکی داوای کرد که‌ سیستمی حوکم بکرێت به‌ سه‌رۆکایه‌تی، شیعه‌کان به‌ گشتی ئه‌م رائیه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ رای من کورد نابێت پشتیوانی ئه‌م شتانه‌ بکات و ده‌بێت داوا بکات ده‌ستوور جێبه‌جێ بکرێت، نه‌ک ده‌ستوور بکۆڕدرێت و سیستمی حوکم بکرێت به‌ سه‌رۆکایه‌تی، چوونکه‌ زیانی لێده‌کات، ئه‌گه‌ر ده‌ستوور بگۆڕدرێت تێکی ده‌ده‌ن و هه‌موو مافه‌کانی کورد لاده‌برێت".