وەزیری بەرگریی تورکیا بەبۆنەی مامەڵەکردنیان لەگەڵ پەیەدە و یەپەگە ڕەخنە لە ئەورووپا و ئەمریکا دەگرێت
بەشی تورکیا- وەزیری بەرگریی تورکیا رەخنە لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا دەگرێت و دەڵێت، "مامەڵەکردنیان لەگەڵ یەپەگە و پەیەدە بە هیچ شێوەیەک دروست نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "بەداخەوە دۆستەکان و هاوپەیمانمان بە جۆرێک کە وەکوو ئەوەی پەیەدە/یەپەگە تیرۆیست نەبن، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن. ئەمە بە هیچ شێوەیەک راست نییە، چوونکە یەپەگە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پەکەکەدا نییە."

وەزیری بەرگریی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ''ئایا ئەمریکا واز لە پەیەدە/یەپەگە دەهێنێت؟" گوتی، ''واز دەهێنێت، چوونکە دواجار لەوە تێدەگەن کە ناتوانن لەگەڵ تیرۆر و تیرۆریستاندا هەڵبکەن."

ئاکار، هەروەها کاردانەوەی بەرامبەر پەیامی هاوخەمیی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بۆ گیانلەدەستدانی سەلوە یوسف، جێگری مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە نیشاندا، کە رۆژی 22ی تەممووزی 2022 بەهۆی هێرشێکی درۆنی تورکیا لە نزیک قامشلۆ گیانی لەدەستدا و گوتی، ''چەوتبینییە و هیچ روونکردنەوەیەک هەڵناگرێت. سبەی رۆژێک کە هاوپەیمانانی ئەمریکیمان بیریان کەوتەوە، نیگەران دەبن."