ئامادەبوونی داعش لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا بۆتە مەترسیەک گەورە لەسەر جیهان

بەشی جیهان- نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە بوونی دەیان هەزار چەکداری داعش و لایەنگرانیان لە کەمپەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردانی سووریا بۆتە مەترسییەکی راستەقینە بۆ سەر ئاسایشی جیهان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێس، بڵاوی کردەوە پسپۆڕانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکدا کە سەبارەت بە بوونی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان بەڕێوەچوو، رایانگەیاندووە بوونی هێزەکانی داعش لە ناوچە ئاڵۆزەکانی جیهان بە تایبەت عێراق و سووریا زۆرترین رێژەی هەیە.

لە راپۆرتەکەدا كە لەم كۆبوونەوە خراوەتەڕوو، ئیدیعا كراوە كە نزیكەی 120 هەزار چەكداری داعش لەگەڵ ئەندامانی خێزان و لایەنگرانیان لە 11 كەمپ و 20 زیندانی ژێر كۆنترۆڵی كوردانی سووریادا نیشتەجێ كراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئامارەکانی پێشوودا ژمارەی چەکدارانی داعش لە بەندیخانەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردانی سووریا نزیکەی ١٠ هەزار کەس بووە و ژمارەی ئەندامانی بنەماڵەکانیشیان نزیکەی ٦٠ هەزار کەس بووە.

شرۆڤەکارانی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی ئەمەشیان داوە کە نزیکەی 30 هەزار منداڵی تەمەن خوار 12 ساڵ لە کەمپەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سووریا مەترسیی ئەوەیان لەسەرە بکەونە ژێر کاریگەریی هزر و ئایدۆڵۆژی داعش و ببنە چەكداری داهاتووی ئەو گرووپە.

لەم دیدارەدا ئاماژە بەوە کرا کە گرنگترین پێشهات لە چالاکییەکانی داعشدا هێرشی ئەمدواییەی ئەم گرووپە بوو بۆ سەر زیندانی ژێر کۆنترۆڵی کوردانی سووریا لە شاری حەسەکە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢ کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە چەکدارانی داعش توانیان لەم زیندانە هەڵبێن و ژمارەیەکی بەرچاویش لە هێزەکانی داعش و کورد کوژران.

لەم كۆبوونەوەیەدا راپۆرتێكیش لەسەر بڕی سەروەت و سامانی داعش خرایەڕوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ئێستادا داعش نزیکەی 25 ملیۆن دۆلاری نەختی لەبەردەستدایە، کە زۆربەی ئەو بڕە پارەیە لە عێراقە.

لە ئێستادا داعش لە رێگەی دراوی دیجیتاڵیشەوە مامەڵە دەکات؛ ئیدیعا کراوە کە بە بەهای ٧٠٠ ملیۆن دۆلار مامەڵەی دارایی لەڕێگەی دراوی دیجیتاڵییەوە ئەنجام دراوە کە دەوترێت هی پاڵپشتیکەرانی داعش بووە.

News Code 6578

Your Comment

You are replying to: .
captcha