ژمارەیەک لە هاووڵاتییان بەھۆی ئاڵۆزیی ڕەوشی ئێستای عێراقەوە ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەڕێوەبەری گشتیی ھاوبەشی قەیرانەکان لە هەرێمی دەڵێت لەگەڵ ئاڵۆزبوونی ڕەوشی عێراق هێڵەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا زۆر قەڵەباڵغ بوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: "زانیاریمان نییە بە دروستی خەڵک بەھۆی ئاڵۆزیی ڕەوشی ئێستای عێراقەوە ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردبێت، ئێمەش ھەر بەرگوێمان کەوتووە گوایە خەڵک لە ترسی ئاڵۆزییەکانی عێراق ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ترافیکی فڕۆکخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و هێڵی وشکانیی نێوان ھەرێم و بەغدا قەڵەباڵغە.''

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان گوتیشی: "بەشی ھەرەزۆری بەرپرسانی عێراق خانوو و ڤێلایان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، لەبەر ئەوە دڵنیاین ئەگەر ئاڵۆزییەکانی عێراق بەردەوام بێت، ئەوانەی شوێنی نیشتەجێبوونیان ھەیە ماڵ و منداڵیان دەگوازنەوە بۆ کوردستان.''

حوسێن کەلاری ڕوونیشی کردەوە: "ھەرچەند ھیچ ئامادەکارییەکی فەرمی نەکراوە لەلای ئێمە بۆ پێشوازی لە خەڵک، بەڵام خۆم پێشبینی دەکەم لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی عێراق خەڵک دیسان لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان ببن، ھەرکاتێک خەڵک وەک ئاوارە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، حکوومەت ڕێوشوێنی خۆی دەگرێتە بەر".

News Code 6591

Your Comment

You are replying to: .
captcha