نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بەیاننامەیەک بەبۆنەى ساڵیادى کۆمەڵکوژیی شنگال بڵاو دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێم کوردستان- نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێ کردنى ڕێککەوتنى شنگال بەتەواوى، بەبێ دواکەوتنی زیاتر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەى ساڵیادى کۆمەڵکوژى شنگال ئاماژەى بەوەکردووە، بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدان بە ڕێکارەکانی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان بۆ گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ هەموو ئەوانەی بەدەست ئەم تاوانە قێزەونەوە دەناڵێن.

دەقى راگەیەنراوەکە:

دوای هەشت ساڵ لە هێرشێکی دڕندانە لەلایەن ڕێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، کۆمەڵگای ئێزدی تا ئێستا ئەو ئاشتی و خۆشگوزەرانییەیان بەدەست نەهێناوە کە بەڕاستی شایەنیەتی.

هێشتا هەزاران ئێزدی نەگەڕاونەتەوە ناو خێزان و ئازیزانیان. تائێستاش شوێنیان نادیارە. زۆرێک لە بەرکەوتەکان لە دوای چەندین ساڵ لە دیلبوون و ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی و کۆیلایەتی و هەروەها مامەڵەی ئەو پەڕی نامرۆڤانە بەردەوام بەدەست ئازاری دەروونییەوە دەناڵێنن. ژمارەیەکی زۆری تریش هێشتا بەسەر ئازاری لەدەستدانی ئەندامێکی خێزانی خۆشەویستیان، یان تەواوی خێزانەکەیان، زاڵنەبوونە. هاوکات زۆرێک لە ئێزدییەکان لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان ئاوارە بوونە. بەهۆی بەردەوامی گرژییەکان، زێدی باوباپیرانیان لە شنگال هێشتا بێبەشە لەو سەقامگیرییە جەوهەرییەی کە پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان، دوور لە ترس و تۆقاندن.

دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە ئەرکی هەمووانە کە بێوچان کار بکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ کۆتایی بە دۆخی نالەباری بەردەوامی ئێزدییەکان بێت، هەروەها هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی شنگال بڕەخسێت. دەوڵەت چەترێکە بۆ هەمووان و دەبێت دەسەڵاتەکەی گەرەنتی بە هەموو هاووڵاتییەکی ئەم وڵاتە بدات، بەبێ گوێدانە لایەنگیری سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی. هیچ ئێزیدییەک، و هیچ عێراقییەکی تریش، نابێت ببێتە قۆچی قوربانی کێبڕکێی دەسەڵاتی ناوخۆیی یان هەرێمی.

هەر لەبەر ئەمەشە دەبێت ڕێککەوتنی شەنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بەبێ دواکەوتنی زیاتر. حوکمڕانی جێگیر و پێکهاتەی ئاسایش زۆر گرنگە. ڕێگە بە ئاوارەکان دەدات دواجار بگەڕێنەوە ماڵەوە، هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە خێراتر بکرێت، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی باشتر بکرێت.

نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدان بە ڕێکارەکانی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان بۆ گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ هەموو ئەوانەی بەدەست ئەم تاوانە قێزەونەوە دەناڵێن. ئازادی و دادپەروەری شانبەشانی ئاشتی و گەشەکردن دەڕوات.

ئێمە دەستخۆشی لە خۆڕاگری ئێزدییەکان دەکەین لە پاراستنی کولتوور و میراتەکەیان سەرەڕای هەوڵەکانی داعش بۆ سڕینەوەیان، و سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییە بێشومارانەی کە کۆمەڵگاکە بەردەوام ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەوانەش لەبیر ناکەین کە کوژراون یان بریندار بوون یان زەبریان بەرکەوتووە، هەروەها ئەوانەش کە بێسەروشوێنن: گەڕان بەدوایاندا دەبێت بەردەوام بێت تا ئەم بابەتە بە ئازارە کۆتایی پێدێت.

لە کاتێکدا یادی ئەم لاپەڕە زەبربەخشەی مێژووی عێراق دەکەینەوە، پابەندیی خۆمان بە ئارامی و سەقامگیری بۆ ئێزیدییەکان و خەڵکی شنگال نوێ دەکەینەوە.

News Code 6593

Your Comment

You are replying to: .
captcha