موقتەدا سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دووبارە دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕۆژی چوارشەممە 03ـی 08ـی 2022 لە گوتارێکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات، داوای لە خۆپیشاندەرانیش کرد کە بەردەوام بن لە مانگرتن تاوەکوو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.

سەدر هەروەها ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ئێمە زۆرترین دەنگمان بەدەست هێنا و گەورەترین هاوپەیمانییەتیمان پێکهێنا، بەشێک لەلایەنەکان ئێمەیان پەکخست.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئەمە ململانێیەکی کەسی نییە، ئێمە دژی هیچ لایەنێک و کەسێک نین، بەشێک لەوانە بە نیازی کوشتنی ئێمە بوون، بەڵام ئێمە داوای هیدایەتیان بۆ دەکەین.

سەدر ڕوونی کردەوە کە ئێمە دژی گفتوگۆ نین، گفتوگۆمان تاقی کردەوە و بینیمان چی بەسەر نیشتماندا هات، وێڕای بەڵێن و واژۆکانیان، ئەم گفتوگۆیانە سوودی نابێت دوای ئەوەی گەل قسەی کرد.

ئاماژەی بەوە دا کە من ڕازی نابم بە خوێنڕشتن، ئەگەر هاتوو ئەم کارەیان کرد چاکسازی تەنیا بە قوربانیدان دەبێت، "هەروەک چۆن ئیمام حوسێن خۆی بەختکرد، من ئامادەی شەهیدبوونم هەیە لەپێناو ڕزگاری نیشتمان".

سەدر بۆ خۆپیشاندەران جەختیشی کردەوە کە ئەگەر چاکسازیتان دەوێ، من چاوەڕێی ئێوە دەکەم، شۆڕش دەستی پێ کردووە و سەدرییەکان دەستیان پێ کردووە کە بەشێکن لە گەل و نیشتمان.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئاماژەی بەوەش دا کە: "من داوای دەسەڵات و خوێنڕشتنم نەکردووە و تەنیا داوای چاکسازی دەکەم، بەردەوام بن لەسەر مانگرتنەکەتان تاوەکوو داواکارییەکانتان جێبەجێ دەکرێت".

News Code 6595

Your Comment

You are replying to: .
captcha