ئەگەری ڕێککەوتنی ئەردۆغان و پووتین لەسەر کوردەکانی سووریا

بەشی جیهان- دوو شرۆڤەکاری پرسەکانی تورکیا و ڕووسیا پێیان وایە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کوردەکانی سووریا یەکێکە لەو پلانانەی کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا باسی لێوە دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا تورکیا جەختی لە سەر پێویستیی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ بۆ سەر کوردەکانی سووریا کردووەتەوە، چوونکە بە وتەی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، هێزە کوردییەکانی سووریا سەر بە پەکەکەن و بە هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆسەر تورکیا دێنە ئەژمار. سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا هێشتا ئەم هێرشە بە هۆی دژایەتیی ئەمریکا و ڕووسیا کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی کوردانی سووریا ڕووی نەداوە.

بەڵام دوو شارەزای پرسەکانی تورکیا و ڕووسیا پێیان وایە ئەردۆغان لە سەردانەکەی داهاتوویدا بۆ ڕووسیا داوای گڵۆپی سەوز لە مۆسکۆ دەکات.

کەریم هاس، شرۆڤەکاری پەیوەندییەکانی ڕووسیا و تورکیا بە رادیۆی نیشتمانیی ئەمریکای راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی هەینی داهاتووی نێوان پووتین و ئەردۆغاندا، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەم بابەتە دەوروژێنێت و هەوڵ دەدات رەزامەندیی ڕووسیا وەربگرێت سەبارەت بە هێرش کردنە سەر کوردەکانی سووریا.

سنان ئۆلگێن، دیپلۆماتکاری پێشووی تورکیا و شرۆڤەکاری پرسەکانی ئەو وڵاتە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەردۆغان دەیەوێت بە ملیۆنان پەنابەری سووری کە لە تورکیا دەژین بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان، بە دووری نازانێت کە ئەردۆغان داوای جیدی لە پووتین بکات کە دژایەتی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە نەکات کە بڕیارە لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا بەڕێوەی ببات.

کەریم هاس جەختی کردەوە کە داواکاریی سەرەکیی ئەردۆغان لە پووتین ئەوەیە کە رووسیا خۆی بە پڕۆسەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنقەرە لە دژی کوردانی سووریا نەگلێنێت.

سنان ئۆلگێن و کەریم هاس ئاماژەیان بەوە کردووە کە تورکیا و ڕووسیا لەم کاتەدا پێویستیان بە یەکترە ئەوەش لەم دۆخەدا کە ئێستا ڕووسیا لەلایەن ڕۆژئاواوە گەمارۆی لەسەرە و تورکیاش پێویستی بە ڕەزامەندیی مۆسکۆیە بۆ هێرشکردنە سەر کوردەکان بۆیە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەم دوو وڵاتە لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی کوردەکان ڕەت ناکرێتەوە.

News Code 6597

Your Comment

You are replying to: .
captcha