سەرەڕای ئەو ستەمەی لە دەمیرتاش دەکرێت، هێشتا باسی ئاشتی دەکات

بەشی تورکیا- لوند گۆڵتکین، رۆژنامەنووسێکی کورد؛ وەک یەکێک لە باشترین نموونەکانی سەرکردە ئاشتیخوازەکان باسی دەمیرتاش دەکات کە سەرەڕای زیندانی کردنی بەردەوام بس لە ئاشتی دەکات.

بەپێی هەواڵی کۆردپرێس، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی کورد لوند گۆڵتکین، لە وتەیەکدا باسی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوو و زیندانیکراوی هەدەپە دەکات، وەکوو سیاسەتوانێک کە ئاستێکی جەماوەریی باڵای هەیە و سەرەڕای ئەوەی کە زیندانی کراوە باس لە ئاشتی و دووری گرتن لە تووڕەیی نواندن دەکا.

گۆڵتکین کە بەشداری لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی کەناڵی (خەڵق تیڤی) کردووە، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی دێرین عائیشە نور ئەرسلان، تێبینییەکانی ئەم دواییەی دەمیرتاشی شی کردۆتەوە کە داوای یەکڕیزیی کردووە بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی، هەروەها داوای ئەوەشی کردووە کە پەکەکە چەک بەرامبەر تورکیا بێدەنگ بکات؛ و لەمبارەوە دەڵێت: ئەگەر کەمێک حیکمەتی سیاسی لە تورکیادا هەبێت، کەسێکی وەک دەمیرتاش دەخەنە سەر سەریان. سەڵاحەدین دەمیرتاش وەک سەرکردەیەکی سیاسی جەماوەری لە هەموو چین و توێژەکانی تورکیادا سەرباری چەوساندنەوەی و لە زیندان کردنی، توڕەیی خۆی وەلادەنێت و باسی یەکڕیزی و ئاشتی دەکات.

گۆلتکین زیادی کرد: زیاتر لە هەموو ئەوانەی باسی ناسیۆنالیزم دەکەن دەمیرتاش ئەو کەسەیە کە گرنگیی بە ئاشتی و دیموکراسی و داهاتووی وڵات دەدات.

گۆلتکین ڕەخنە لە کەشوهەوای سیاسیی وڵات دەگرێت کە لەدژی کوردەوە و دەڵێت: لە کاتێکدا دەمیرتاش وەک کەسایەتییەکی سیاسیی جەماوەریی کورد لە زیندان بەردەوام باسی ئازادی و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و یەکڕیزی دەکات؛ قسەکانی نە لەلایەن دەسەڵاتدارەکانەوە و نە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە گوێی لێ ناگیرێت و وەڵامی نادرێتەوە.

ئەرسلانیش لە وەڵامدا، ڕەخنەی لە زیندانی کردنی درێژخایەنی دەمیرتاش گرت و وتی: ئێمە ماوەیەکی زۆرە تامەزرۆی ئەوەین دەمیرتاش لە جلی نوێنەرێک یان سەرۆکێکی سیاسیدا ببینین.

شایانی باسە لوند گۆڵتکین لە ڕووی هەڵوێستی سیاسییەوە لە دەمیرتاش و هەدەپەوە نزیک نییە.

News Code 6600

Your Comment

You are replying to: .
captcha