پارتی ڕازی نییە سیناریۆکەی 2018 لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق دووبارە ببێتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئێمە بۆ دووبارە بوونەوەی سیناریۆکەی ساڵی 2018 ئامادەیی خۆمانمان دەربڕیووە، بەڵام پارتی ڕازی نییە.

دەربارەی گفتوگۆکانی حیزبەکەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، دانیشتنمان لەگەڵ هەموولایەنەکاندا پێ باشه،‌ بەڵام ڕەتکردنەوەی کەسی، وە بەشەخسی کردنی پۆستەکانمان پێباش نییە.

باس لە ئەوەش دەکات، هەتا ئێستا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی نەکراوە لەدوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بڕیار تەنها دکتۆر بەرهەم بوو، ئێمە بۆ دووبارە بوونەوەی سیناریۆکەی ساڵی 2018 ئامادەیی خۆمانمان دەربڕیووە، بەڵام ئەوەندەی من تێگەیشتبێتم پارتی ڕازی نییە بەوەی بەوشێوەیەی 2018 ئەو پۆستە یەکلایی بکرێتەوە.

بڵێسە جەبار فەرمان دەڵێت، یەکێک لەکاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی ئەم ڕووداو و خۆپیشاندانانەی بەغداد بێگومان ئەم دەستدرێژیانەی حکومەتی تورکیا دەبێت بۆسەر هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی کە بەوشێوەیەی ئێستا بەردەوامە وەکو دەیبینین هەمووڕۆژێک بە درۆن لەملاو لەولا خەڵک شەهید دەکرێت و ئۆتۆمبێل دەکرێتە ئامانج ئەمانە زیاتر دەبێت کە عێراق لاوازتر بوو و خۆی پێوە بەڕێوەنەبرا بێگومان دەستێوەردانی دەرەکی و ئەم دەستدرێژیانەی سەر سنورەکان زیاتر دەبێت.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: "ئێمە دەبێت هەوڵ بدەین کە شەڕێکی خۆێناوی لە عێراقدا ڕوونەدات لەبەرئەوەی ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت بەشێکین لە عێراق بێگومان ئەو ماڵوێرانکەریە ئێمەش دەگرێتەوە، سەبارەت بەوەی پارتی و یەکێتی ناڕێکن بەڵێ نەک تەنها پارتی و یەکێتی بەڵکو هەموو حیزبە کوردییەکان ڕێک نیین و یەکڕیز نین کە ئێمە هەمیشە وتومانە ئەمە دەبێتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان ئەگەر بەوشێوەیە بڕوات، وە پێویست دەکات یەکگرتوو بن هەرهیچ نەبێت لەسەر هەندێک مەسەلەی ستراتیژیی و نەتەوەیی و نیشتیمانی.

ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی 10 مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام دراوە، بەڵام هەتا ئێستا پۆستی سەرۆک کۆماری وڵات کە بۆ کوردە یەکلایی نەکراوەتەوە، بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە و لە ئێستاشدا دۆخی عێراق ناجێگیرە.