تۆڕێکی تیرۆریستیی داعش لە ئێران دەستگیر کران
بەشی ئێران- تۆڕێکی تیرۆریستیی داعش  که‌ بە مەبەستی هەڵمەتی تیرۆریستی له‌ عێراق و تورکیاوه‌ هاتبوونە ئێران دەستگیر کران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وه‌زاره‌تی ئیتڵاعاتی ئێران له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکرده‌وه‌، "هێزه‌ ئه‌منییه‌کان توانیویانه‌، له‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، 10 ئه‌ندامی داعش ده‌ستگیر بکه‌ن، که‌ دزه‌یان کردبووه‌ ناو وڵات بۆ به‌ ئامانجگرتنی ڕێوڕه‌سمه‌کانی ماته‌مینی به‌ بۆنه‌ی مانگی موحه‌ڕه‌م.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کراه‌، ئیسرائیل، دوای "شکستی گه‌وره‌ی خۆی له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوودا له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی ناوه‌ندێکی ژیانی له‌ناو وڵاتدا به‌ به‌کارهێنانی چه‌کدارانی جوداخواز ویستویه‌تی ئه‌و شکسته‌ ترسناکه‌ په‌رده‌پۆش بکات و مۆڕاڵی گه‌له‌که‌ی به‌رز بکاته‌وه‌، بۆیه‌ په‌نای بردۆته‌ به‌ر به‌کارهێنانی پاشماوه‌کانی داعش بۆ ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌ی تیرۆریستی".

وه‌زاره‌تی ئیتڵاعاتی ئێران ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، "هێزه‌ ئه‌منییه‌کان، دوای چاودێری کردنی دزه‌کردنیان بۆ ناو وڵات، له‌ ناوچه‌کانی رۆژئاوا و باشووری ئێران تیرۆرسته‌کانیان ده‌ستگیرکردووه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌رجه‌م که‌ره‌سته‌ و ته‌قه‌مه‌نی و ئامێره‌کانی په‌یوه‌ندی و چه‌کدا گرتووه‌ که‌ له‌به‌رده‌ستیاندا بووه‌".

روونیشی کردوه‌ته‌وه‌، "له‌ هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیرکردنی تیرۆرسته‌کاندا له‌ ئه‌نجامی ته‌قه‌کردن له‌لایه‌ن یه‌کێک له‌ چه‌کداره‌کانه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستگیربکرێن دوو له‌ هێزه‌کان بە پلەی جیاوازەوە برینداربوون ".