ئەردۆغان و پووتین کۆ بوونەوە/ لەسەر چەند پرسێکی گرینگ ڕێککەوتن
بەشی جیهان- كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆكی توركیا و رووسیا له‌ سووچی له‌ ڕووسیا ده‌ستیپێكرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شانده‌كه‌ی توركیا به‌ سه‌ركایه‌تی ئه‌ردۆغان و بە یاوەریی هەریەکە لە وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌، به‌رگری، وزه‌، دارایی، بازرگانی، كشتوكاڵ و راوێژكاری په‌یمانگه‌ی مایاچوستیس بۆ ته‌كنه‌لۆژیا و گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی توركیا سەردانی سووچییان کرد.

پووتین لەبارەی ئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوەیە گوتی: "له‌ گفتوگۆكانماندا رێككه‌وتن له‌باره‌ی چه‌ندین پرس تایبه‌ت به‌ ئابووری و بازرگانی ده‌كه‌ین".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌ڵوێستی توركیا له‌باره‌ی گواستنه‌وه‌ی گه‌نمی ئۆكرانی، به‌ گرنگ ده‌زانین و كۆبوونه‌وه‌شمان گۆڕانكاری له‌ناوچه‌كه‌ به‌دی ده‌هێنێت.

لای خۆیەوە ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند، له‌باره‌ی دۆسییه‌ گرنگه‌كانی تایبه‌ت به‌ وزه‌ و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوولا، خاڵ له‌سه‌ر پیته‌كان داده‌نێین.

پێش ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سوچی ده‌ستپێبكات، پوتن رایگه‌یاندبوو، له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی نێوان ئۆكرانیا و رووسیا گفتوگۆ ده‌كه‌ن و رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كراوه‌، سوپاسی توركیا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ن، هاوكات هه‌ردوو سه‌رۆك له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی سووریا كاری جدی ده‌كه‌ن.

لە راگەیێندراوی هاوبەشی لووتکەکەدا هاتووە: هەردوو سەرۆک جەختیان لە یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی سیاسیی سووریا کردەوە و پابەندبوونی خۆیان بە هاوئاهەنگی کردن لە بواری رووبەڕووبوونەوەی "هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکان" دووپات کردووەتەوە.

راگەیێندراوە هاوبەشەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، پووتین و ئەردۆغان باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی سووریا کردووە و جەختیان لە گرنگیی درێژەپێدانی پڕۆسەی سیاسیی ئەو وڵاتە کردووەتەوە.

 هەروەها دەشڵێت، سەرۆکی رووسیا و هاوتا تورکییەکەی دووپاتیان کردووەتەوە کە "بە هاوئاهەنگی و بە یەکگرتوویی هەنگاو دەنێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان."