چالاکوانانى بوارى ئه‌نفال داواى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ڕوفاتى 171 ئه‌نفالکراو دەکەن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕێکخراوه‌کان و چالاکوانانى بوارى ئه‌نفال و جینۆساید داواى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ڕوفاتى 171 ئه‌نفالکراو ده‌که‌ن که‌ له‌ساڵى 2019وه‌ ڕوفاته‌کانیان ده‌رهێندراوه ‌و تائێستا نه‌گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چالاکوان و ڕێکخراوه‌کانى بوارى ئه‌نفال له‌ به‌باننامه‌یه‌ک که‌ ئاراسته‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیان کردووه‌ داواکارن حکوومه‌تى هه‌رێم هه‌وڵ بدات له‌ رۆژى 21 ئاب که‌ به‌رۆژى دادپه‌روه‌رى ناسێندراوه‌ ئه‌و 171 ڕوفاته‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ هه‌رێمى کوردستان و پشکنینى ناسینه‌وه‌یان بۆ بکات.

ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ڕوو، دواى هه‌ڵدتانه‌وه‌ى گۆڕێکى ترى به‌کۆمه‌ڵ له ‌نه‌جه‌ف و کۆکردنه‌وه‌یان له‌ شوێنێک به‌هۆى شۆرتى کاره‌باوه‌ به‌شێکى ڕوفاته‌کان سووتان و داواده‌که‌ن حکوومه‌ت هه‌رچى زووه‌ ئه‌مه‌ بکاته‌ ئه‌وله‌ویه‌تى کاره‌کانى.

ده‌قى به‌یاننامه‌ى 50 ڕێکخراو چالاکى بوارى ئه‌نفال"

هەر ئێسکێکی ئەنفالکراوان ... کەسوکاری هەمووانە

بۆ 21ـی ئاب، ڕۆژی دادپەروەری... رووفاتی 171 ئەنفالکراومان بهێننەوە

وەک ئاشکرایە لە ئابی 2019، لە ئەنجامی هەڵدانەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵدا لە ناوچەی تەلشێخە لە شاری سەماوە لە باشوری عێراق، رووفاتی 171 ئەنفالکراو دەرهێنرا، کە سەرجەمیان لە ژنان و منداڵانی ئەنفالکراو پێکهاتبوون.

مەخابن دوای سێ ساڵ، تائێستا هیچ هەنگاو و هەوڵێک نابینین بۆ هێنانەوەی رووفاتی ئازیزانمان بۆ باوشی نیشتمان، کە ماوەی سێ ساڵە لە پزیشکی دادی بەغدایە.. ئەمەش کەمتەرخەمی و بێباکی حکومەت لە هەمبەر ئەم پرسە دەردەخات.

بەپێی بەدواداچونەکانمان، هۆکاری دواخستنی هێنانەوەی رووفاتی ئازیزانی ئەنفالکراوانمان، بە مەبەستی وەرگرتنی سامپڵی خوێنە لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بۆ پشکنینی DNA و ناسینەوەی رووفاتەکان.. ئەم هەنگاوەش چەند گرنگ و جێی بایەخە، بەڵام بیرکردنەوە لەم هەنگاوە، دوای سێی ساڵ لە مانەوەی رووفاتەکان لە پزیشکی دادی بەغدا، بێباکی و کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار دەردەخات.

بۆیە مانەوەی رووفاتی ئازیزانمان لەمە زیاتر؛ نا ئارامی بە کەسوکاری ئەنفالکراوان بەخشیووە، چونکە هەمان ئەو مەترسیانە بە یادی هەمووان دەهێنێتەوە، کە بەسەر روفاتی ئەنفالکراوانمان لە ساڵی 2013 هات، کاتێک بەهۆی شۆرتی کارەباوە، بەشێکی پزیشکی دادی نەجەف سوتاو و بەهۆیەوە روفاتی ئەنفالکراوانمان لەو شوێنە سوتا، کە ئەمەش بە بەڵگە و نوسراوی فەرمی لای حکوومەتی عێراق و رێکخراو ICMPـی نێودەوڵەتی تۆمارکراوە.

لەم رووەوە ئێمە وەک ئامادەکارانی ئەم یاداشتە، کە پێکهاتووین له ژمارەیەک رێکخراو و نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراوان... بەڕێزان سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی لەوە زیاتر دواخستنی هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوانی ئازیزمان... بە تایبەت کە دۆخی شاری بەغدا بە هۆی ئاڵۆزییە سیاسیەکان، رۆژ لە دوای ڕۆژ لە خراپیدایە.

هاوکات ئەوە دەخەینەڕوو؛ ئەگەر پاساو بۆ دواخستنی هێنانەوەی رووفاتی ئازیزانمان، بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی DNA بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان بێت، ئەوە چەندین رێگا چارەسەر هەیە، لەوانە وەرگرتنی سامپڵ لە رووفاتەکان و بارکۆدکردنی سامپڵ و گۆڕی رووفاتەکان، تا ئەوەی لە هەر کاتێکدا ویسترا بە بەراوردکردنی بە سامپڵی کەسوکاری ئەنفالکراوان بناسرێنەوە.. و ئێمە ئەم رێگایە بە باشترین و خێراترین رێگا دەبینین، بە پێچەوانە هەر رێگایەکی تر بۆ ئەم پرۆسەیە تەنها و تەنها دەبێتە هۆکاری زیاتر دواکەوتنی هێنانەوەی رووفاتەکان.

هەروەها داوا دەکەین:

یەکەم: بۆ ڕۆژی 21 ئاب، کە ساڵڕۆژی یەکەم دانیشتنی دادگایی کردنی تاوانبارانی ڕژێمی بەعسە لەسەر دۆسیەی ئەنفال لە 21 ئابی 2006 و ئەم ڕۆژە بە فەرمی لە هەرێمی کوردستان بە ڕۆژی دادپەروەری ناسێنراوە، لەم ڕۆژەدا رووفاتی ئازیزانمان بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

دووەم: له پرسی هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان و هەڵدانەوەی گۆڕ غەریبانی ئەنفالکراوانمان، گوێی لە ویستی سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بگرترێت بەبێی جیاوازی و بە یەکسانی.. کە زۆرینە کەسوکاری قوربانیان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید و نوسەران و توێژەران و چالاکوانانی ئەم بوارە، لەگەڵ بە پەلە هێنانەوەی 171  رووفاتەکەی ئەنفالکراوانمانن.

سێیەم: بە پەلە وخێرا دەست بکرێت بە هەڵدانەوەی سەرجەم ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی دیکە، کە لە هەمان ناوچەی تەلشێخە لە شاری سەماوە دۆزراونەتەوە و تائێستا بەدواداچوون و کار بۆ هەڵدانەوەیان نەکراوە، کە بەشێکیان بە چەند مەترێک دوورتر دەکەونە تەنیشت ئەو گۆڕەی کە رووفاتی 171 ئازیزانمانی تێیدا بوو، چونکە بە هۆی گۆڕانکارییە سروشتیەکانی بیابان، مەترسی داپۆشین و بزربوونی شوێنی گۆڕەکان بەردەوام هەیە.

چوارەم: داوا لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکەین، بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق بە ژمارە 5ـی ساڵی 2006، که بە یاسای ژمارە 13 ساڵی 2015 هەموارکراوەتەوە.. بچن لە فەرمانگەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە بەغدا داواکاری بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان تۆمار بکەن، چونکە یاسای ئاماژە بۆ کراو، ئەولەویەتی داواکاریی لەم پرسە بە کەسوکاری جینۆسایدکراوان داوە.

پێنجەم: حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی کورد لە بەغدا، پرسەکانی جینۆسایدی گەلی کورد لە هاوشانی دۆسیەکانی بودجە و نەوت، بکەنە بنەمای گفتوگۆ و رێکەوتن لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی ئایندەی عێراق.