هێزەکانی سووریای دیموکرات هەوڵی هەڵاتنی زیندانیانی داعش هەڵدەوەشێننەوە
بەشی سووریا- هێزەکانی سووریای دیموکرات هەوڵێکی گەورەی هەڵاتن  لەناو کەمپی هۆڵ پووچەڵ دەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سایتی ئەلعەرەبیە، بڵاوی کردوەتەوە،"هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، توانیان هەوڵێكی هەڵاتنی بەکۆمەڵ لە رێگەی بارهەڵگرەوە هەڵبوەشێننەوە.

ئەوانەی هەوڵی هەڵاتنیان داوە نزیکەی 39 منداڵ و 17 ژنیان تێدابوو، کە سەرجەمیان خێزانی سەر بە داعش بوون، دواتریش لە هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنیندا توانیان ژمارەیەک چاڵ و تونێل ناو کەمپەکەدا بدۆزنەوە".

بە وتەی دەزگا ئەمنییەکان، ئەو چاڵ و تونێلانە لەلایەن شانە نووستووەکانی داعش کە عێراقی و سووری بوون بە ئامێری سەرەتایی هەڵکەندراون  و مەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی، رفاندن و کوشتن بەکارهێندراون.

لای خۆشیەوە، هەمرین حەسەن، بەڕێوەبەری کەمپی هۆڵ رایگەیاندوە،"شانە نوستوەکانی داعش لەناو کەمپەکە و لەدەرەوەشی پەیوەندییان بە باندەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە هەیە، ئەویش لەرێگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بە تایبەت لە پارێزگای ئیدلب و ناوچەکانی باکوری سوریا کە یەکەمین وێستگەی دانیشتوانی کەمپەکەیە لەدوای سەرگرتنی هەوڵی هەڵاتنیان لەناو"کەمپەکەدا".

ئاشکراشی کرد،"هێزەکانی سووریای دیموکرات بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سوپای ئەمریکا ماوەی چەند ساڵێكە چەندین تۆڕی قاچاخچێتی بە مرۆڤیان دەستگیرکردوە، کە لەنێوانیاندا ئەو ژنە داعشانە هەن کە تۆمەتبارن بە دروستکردنی شانەی تیرۆرستی  دەربازکردنی خێزانە داعشییەکان".

هەمرین حەسەن وتیشی: "بەشێوەیەکی بەردەوام، لەناو بەشەکانی کەمپەکەدا ئەم جۆرە هەوڵانە لەلایەن هاوسەری چەکدارانی داعشەوە دەدرێن، کە رۆڵی نێوەنگیر دەبینن لەنێوان دانیشتوانی کەمپەکە و شانە نووستووەکانی داعش لە دەرەوەی کەمپەکە و گەیاندنی هاوکاری ماددی پێیان".