لەبواری ئازادیی ڕادەربڕیندا حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارنامەیەکی ڕەشی هەیە
بەشی جیهان- پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک وێڕای ئاماژە کردن بە دۆخی نالەبارەی ئابووریی هەرێمی کوردستانی عێراق لەبارەی سەرکوت کردن و سنووردار کردنی ئازادیی ڕادەربڕین هۆشداری دەدات.

کوردپرێس:

بەپێی راپۆرتێکی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک کە رۆژی شەممە لەبارەی ئازادی رادەربڕین لەهەرێمی کوردستاندا بڵاوکراوەتەوە، تێیدا باسی لەوەکردووە کە لە دوای ئەوەی مەسروور بارزانی بۆتە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشێلکاریی زەق و بەرچاو دژ بە ئازادی رادەربڕین لە هەرێمەکەدا ئەنجام دراوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: لەو کاتەوەی مەسروور بارزانیی وەک سەرۆکوەزیران سوێندی یاسایی خواردووە، ڕێژەی تاوان و پێشێلکارییەکانی وەک هەڕەشە و هەراسانکردن و ئەشکەنجەدان دژی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

پەیمانگاکە ئاماژەی بە داتایەکی سەنتەری میترۆ بۆ بەرگری کردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان کردووە کە رایگەیاندووە تەنها لە لەماوەی ساڵی ٢٠٢١دا ٣٥٣ پێشێلکاریی دژ بە ٢٦٠ ڕۆژنامەنووس و ڕێکخراوی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.

ئەوەش هاتووە: یەکێک لە دیارترین هەڵمەتە سەرکوتکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٢٠ بریتی بوو لە دەستگیرکردنی زیاتر لە ٨٠ رۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی لە پارێزگای دهۆک لەسەر نارەزایەتیی دەربڕین دژ بە گەندەڵیی و خراپی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، سه‌ره‌ڕای ده‌ربڕینی به‌رفراوانی نیگه‌رانیی جددی و سه‌رکۆنه‌کردنی له‌ ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیی بۆ ئازادکردنیان، بەڵام سەرۆکی حکوومەت لەسەر هەڵوێستی خۆی سوور بوو.

لە بەشێکی تری راپۆرتەکەی پەیمانگای واشنتۆندا هاتووە: حکوومەتەکەی مەسروور بارزانی لەساڵی ٢٠٢٢ لەسەر هەمان ڕێچکەی خۆی بۆ سەرکەوت کردنی رۆژنامەنووسان و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییە مەدەنییەکان بەردەوام بووە و تەنیا دوای دوو رۆژ لە یادی سێ ساڵەی دەستبەکاربوونی حکوومەتەکەی، دوو رۆژنەمانووس لە هەولێر و دهۆک لەسەر کاری پیشەیی خۆیان دەستگیر کران.

راپۆرتەکە دەڵێت: "ئەو هەڵمەتە سەرکەوتکارییەی حکوومەتی مەسروور بارزانی دژ بە رۆژنامەنووسان گرتوویەتییەبەر رەنگدانەوەی چەند لایەنێکی ئەو حکومەتەیە، بەو پێیەی بەشێکی زۆر لە ئەندامانی حکوومەت لەکەسانە پێکهاتوون کە پاشخانێکی هەواڵگرییان هەبووە، مەسروور بارزانیش خۆی پاشخانێکی هەواڵگریی بەهێزی هەیە و پێش ئەوەی پۆستی سەرۆکی حکوومەت بەدەستەوە بگرێت سەرۆکی دەزگایەکی هەواڵگریی بووە.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە هەریەک لە یەکێتی و پارتی بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوودا چەندین ستراتیژییەتیان بۆ دەمکوت کردنی ئەو رۆژنامەنووس و نووسەر و خۆپیشاندەرانە بەکارهێناوە کە ویستویانە دژ بە گەندەڵیی و ستەم دەنگیان بەرز بکەنەوە.