لە ڕێگەی تیمەکانمانەوە چاودێری بارودۆخی خەڵک و خۆپیشاندەرانمان کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند خۆپیشاندان بەمافێکی ئاسایی دەزانین بۆ داواکردنی ماف و خستنە ڕووی کێشەکانی هاوڵاتیان و یەکێکە لە سیماکانی دیموکراسی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردوەتەوە: "ڕۆژی شەممە 6ی (ئاب/8)ی 2022 لە هەندێک شار و شارۆچکەی هەرێمی کورستان ژمارەیەک هاوڵاتی گردبوونەوە بەناوی خستنەڕووی چەند داواکاریەک و گەیاندنی بە بەرپرسانی حکوومەت و یەکە ئیداریەکان، لە هەندێک شوێن گرژی تێکەوت و ژمارەیەک هاوڵاتی و ڕۆژنامەنووس لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە دەستگیرکران، ئێمە لەدەستەی مافی مرۆڤ لەیەکەم ساتی خۆپیشاندانەکان لەسەر خەت بووین و لەڕێگەی تیمەکانمان چاودێری بارودۆخەکەمان دەکرد".

ئاماژەی بەوەش کردووە،"پشتیوانی لە هەر خۆپیشاندان و گردبوونەوەک دەکەین لە چوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکان و مۆڵەت دراو لەلایەن یەکە ئیداریەکانی پارێزگا و شار و شارۆچکەکان، خۆپیشاندان بەمافێکی ئاسایی دەزانین بۆ داوا کردنی ماف و خستنەڕووی کێشەکانی هاوڵاتیان و یەکێکە لە سیماکانی دیموکراسی، بەگوێرەی بەدواداچونەکانمان و لێدوانی بەرپرسانی ئیداری شارەکانیش ئەو خۆپیشاندانانە مۆڵەتی بۆ وەرنەگیراوە و ڕێکارە پێویستیەکانی بۆ نەکراوە بەفەرمی".

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس دەستگیر کراون بەبێ فەرمانی دادوەر کە ڕێگە پێدراو نیە و پێچەوانەی یاسای ڕۆژنامەگەری و بنەماکانی مافی مرۆڤە، چوونکە کاری ڕۆژنامەنووسان ڕووماڵ کردنی ڕووداو و چالاکی و هەواڵ و بابەتە ڕۆژنامەوانیەکانە ناکرێت بەهیچ بیانویەک ڕوبەڕوی دەستگیرکردن ولێدان ببنەوە و بەپێچەوانەوە دەبێت ئاسانکاریان بۆ بکرێت، جگە لەوەش لەهەندێک شوێن و ناوچە ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی دەستگیرکراون و دواتر ئازاد کراون و بەدواداچونی زیاتر دەکەین تا دڵنیابینەوە کە هیچ کەسێک لەسەر خۆپیشاندانەکان دەستگیر نەکراوەو لەلایەن دەزگا ئەمنیەکان نەماوە".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤ هاتووە، لە هەندێک شوێن دەزگا ئەمنیەکان بەجل و ئۆتۆمبێلی مەدەنی خەڵکیان دەستگیر کردوە و داوای ناسنامەیان لە خەڵک کردووە ئەوەش دورە لە کاری فەرمی و دەبێتە مایەی ترس و نائومێدی لای هاوڵاتی کە پێویستە دەزگا ئەمنیەکان ناسنامەیان دیار بێت و خۆیان بناسێنن بە جلوبەرگ و ئۆتۆمبێلی فەرمی، چونکە ئەو جۆرە حاڵەتانە بۆ ناوبانگی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەش باش نابێت بەتایبەت لەڕاپۆرتەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ وە مافی هاوڵاتیشە بزانی ئەو هێزە کێیە دەستگیری دەکات".

News Code 6629

Your Comment

You are replying to: .
captcha