پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان زیاتربوون و شێوازی پێشلکارییەکانیش قورستربوون لە جاران
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەندیکای رۆژنامەڤانانی هەرێمی کوردستان راپۆرتی ساڵانەی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان بڵاو کردەوە.

کوردپرێس: رۆژی پێنجشەممە 07-01-2020، لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەڤانی و مافی رۆژنامەڤانان لە سەندیکای رۆژنامەڤانانی هەرێمی کوردستان  راپۆرتی ساڵانەی پێشێلکارییەکانیان بەرامبەر دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەڤانان بڵاوکردەوە و دەڵێت لە ساڵی 2020 لە 15 رۆژنامەنووس دراوە و 95 رۆژنامەنووسیش دەستگیرکراون.  

لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەڤانی و مافی رۆژنامەڤانان ڕاشیگەیاند ساڵی 2020 ژمارەی پێشێلکارییەکان زیاتر بووە بەراورد بە ساڵی 2019.

گۆران جەلال، بڕیاردەری لیژنەی داکۆکی کردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، شەش مانگ جارێک ئامارەکان بڵاو دەکەینەوە و بەداخەوە ئامارەکانیش جێگەی دڵەڕاوکێن، پێشێلکارییەکانیش زیاتربوون و شێوازی پێشلکارییەکانیش قورستربوون لە جاران.  

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بڕیاردەری لیژنەی داکۆکی کردن لە مافی رۆژنامەنووسان گوتی، فراوان بوونی میدیای ئەلیکترۆنی و سۆشیال میدیا ئامارەکانی زیاد کردووە، بەڵام لەبەرئەوەی بە هیچ یاسایێک ئەوە رێکنەخراوە مامەڵەی جیاوازی لەگەڵدا دەکرێت و گوتیشی "داوا لە رۆژنامەڤانان دەکەین کاری رۆژنامەڤانان تێکەڵ بە کاری سیاسیی نەکەن".

هەروەها نەزاکەت حەمە سەعید، سکرتێری لیژنەی داکۆکی کردن لە مافی رۆژنامەڤانان لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری پێشێلکارییەکانی ساڵی 2020ی راگەیاند، کە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

پێشێلکارییەکان لە 01-01-2020 تاوەکوو 31-12-2020

پێشلکارییەکان: 137

ئەو رۆژنامەڤان و دەزگا راگەیاندنانەی پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە: 315  

جۆری پێشێلکارییەکان:

- دەستگیرکردن: 42 حاڵەت بەرامبەر 98 رۆژنامەنووس

- رێگەنەدان بە رووماڵ: 47 حاڵەت بەرامبەر بە 104 رۆژنامەنووس

- هێرش و سووکایەتی: 32 حاڵەت بەرامبەر بە 8 رۆژنامەنووس

- لێدان: 8 حاڵەت بەرامبەر بە 15 رۆژنامەنووس

- تۆمارکردنی سکاڵا دژی رۆژنامەڤان: 4 حاڵەت بەرامبەر بە 5 رۆژنامەنووس

- داخستنی نووسینگە و کەناڵ: 3 حاڵەت بەرامبەر بە 3 رۆژنامەنووس

- وەرگرتنی بەڵێننامە لە رۆژنامەنووس کە کارنەکات بەو مەرجەی ئازادکراوە: 1 کەس

پێشێلکارییەکان بەرامبەر رەگەز

نێر: 308

مێ: 7  

- پێشێلکارییەکان بەپێی پارێزگاکان

هەولێر: 46

سلێمانی: 36

دهۆک: 14

هەڵەبجە: 17

کەرکووک: 25

نەینەوا: 1

موسڵ: 1

خانەقین: 1

بەغدا: 2

نەجەف: 1

لیژنەی داکۆکی کردن لە ئازادی رۆژنامەڤانان جگە لەوانە لە ماوەی ئەمساڵدا تۆمارکراون، 10 بەیاننامەی بڵاو کردووەتەوە بەرامبەر پێشێلکارییەکان 4 رێنمایی، 2 روون کردنەوە، 2 راگەیێندراو و داواکارییەکیان هەبووە.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113