ئەمڕۆ لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە چەسپاندنی بەھا و ڕەفتارە بەرزەکانی ئیمام حسێن-ە
بەشی عێراق و هەرێمی وردستان- بەرهەم سالح سەرۆک کۆماری عێراق بەبۆنەى ساڵیادی شەهید کردنى ئیمام حسێن پەیامێکى بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە پەیامەکەی سەرۆک کۆماری عێراقدا هاتووە: "ئەمڕۆ لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە چەسپاندنی بەھا و رەفتارە جوان و بەرزەکانی ئیمام حسێن-ە، بۆیە گرنگە یەکڕیز و یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین لە سێبەری نیشتمان بۆ چاکسازی و خزمەت کردنی خەڵکی خۆڕاگری عێراق کە شایستەی هەموو خێر و خۆشییەکن".

سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردوەتەوە کە پێویستە هەوڵەکانمان یەکخەین بە ئاڕاستەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەتوانا کە شایستەی عێراق و گەلەکەمان بێت، هاوکات دووپات دەکەینەوە وڵاتەکەمان پێویستی بە چاکسازی ریشەییە.

دەقی پەیامەکەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق:

لەم بۆنە مەزنەدا، یادی رووداوی (الطف) دەکەینەوە، کە ئیمام حسێن سڵاوی خودای لێبێت باوکی ئازادیخوازان راپەڕی دژی ستەمکاران، هاوخەمی قووڵی خۆم ئاڕاستەی گەلی عێراق و گشت موسڵمانان و مەرجەعی باڵا لە نەجەف دەکەم.

داستانی عاشوورا، کات و شوێن و سنوورەکانی تێپەڕاند و بووە نموونەیەک نەک تەنها بۆ پێکهاتە و نەتەوەیەک بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی، لەپێناو هێنانەئاراوەی دادپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری، هەرچەندە باجەکەی قورس بوو، بەڵام قوربانیدانی ئیمام حسێن بووە ئامانجێک بۆ رووناکی و نوێبوونەوە بۆ رێگای ئازادی.

ئەمڕۆ لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە چەسپاندنی بەھا و رەفتارە جوان و بەرزەکانی ئیمام حسێن-ە، بۆیە گرنگە یەکڕیز و یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین لە سێبەری نیشتمان بۆ چاکسازی و خزمەتکردنی خەڵکی خۆڕاگری عێراق کە شایستەی هەموو خێر و خۆشییەکن، هەروەها پێویستە هەوڵەکانمان یەکخەین بە ئاڕاستەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەتوانا کە شایستەی عێراق و گەلەکەمان بێت، هاوکات دووپاتدەکەینەوە وڵاتەکەمان پێویستی بە چاکسازی ریشەییە.

سڵاو لە رۆڵەکانی گەلەکەمان کە یادی عاشوورا دەکەنەوە، سڵاو لەو خۆبەخشانەی کە خزمەتی زیارەتکاران دەکەن، سڵاو بۆ هێزە ئەمنییەکان.

خودا عێراق و گەلەکەی لە هەموو خراپەیەک بپارێزێت، دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان، بەخودای گەورە و میهربانتان دەسپێرم.