دانوستانی نێوان کوردەکان و دیمەشق هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆوە نەبینیوە/ ڕووسیا لاریی لەگەڵ هێرشی درۆنەکانی تورکیای بۆسەر کوردەکان نییە
بەشی جیهان- ساڵح موسلیم رایدەگەیەنێت، دانوستانەکانی نێوان کورد و دیمەشق هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە و ڕووسیاش لەبری ئەوەی گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵبکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەدژی کوردانی سووریا، رەزامەندی دەربڕیوە بۆ هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەم وڵاتە دژ بە کوردەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی کودی سووریا یان پەیەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی ئەمریکی ئەلمۆنیتەر ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زەمینی تورکیا بۆ سەر کوردانی سووریا هەڵوەشێنراوەتەوە لەبەر ئەوەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا نە لە لووتکەی تاران و نە لە کۆبوونە تایبەتەکەیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە سوچی، ڕەزامەندیی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینیی تورکیا بۆ سەر کوردانی سووریا دەرنەبڕیوە. هه‌روه‌ها بوونی چەندین هێز لەوان هێزی ڕووسیا و سووریا و چەند هێزی دیكه‌ له‌ باكوور و باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا ئاسته‌نگی له‌ بەردەم ئۆپه‌راسیۆنی زه‌مینیی توركیا دروست كردووه‌.

بەم حاڵەیشەوە ساڵح موسلیم جەختی لەوە کردەوە کە ئەردۆغان کەسایەتیەکی پێشبینی نەکراوە و لەوانەیە فەرمانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زەمینی لە دژی کوردەکانی سووریا دەربکات.

هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی سووریا پێیوایە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازییەوە لەدژی کوردانی سووریا بەردەوام دەبێت.

ناوبراو سەبارەت به دانوستانەكانی نێوان كورد و حكوومەتی ناوەندیی سووریا رایگەیاند كه له ماوەی دانوستانەكانی نێوان هەردوولا هیچ گفتوگۆیەكی سیاسی نەبووه و ئەوەی روویدا تەنها دانوستان لەسەر پرسی سەربازی بوو. ساڵح موسلیم جەختی كردەوە كە بەهۆی پێداگریی حكوومەتی سووریا لەسەر كۆنتڕۆڵ كردنی تەواوەتی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی كوردی سووریا، دانوستانەكانی نێوان كورد و دیمەشق هیچ پێشكەوتنێكی بەخۆیەوە نەبینیوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە کوردەکان ڕەخنەیان هەیە سەبارەت بە شێوازی حوکمڕانی سووریا.

ساڵح موسلیم سەبارەت بە داواكارییەكانی كوردانی سووریا وتی: ئێمە دەمانەوێت ئیدارەی خۆسەری کوردی لە چوارچێوەی دەوڵەتی یەكگرتووی سووریادا بپارێزین. کورد چاوەڕێی ئەمە دەکات کە دان بە زمان و ڕەگەز و مافەکانیدا نبرێت دەیەوێت لە چوارچێوەی یەک وڵاتدا بە ناوی سووریا بژیت.

ئەم بەرپرسە باڵایەی كوردی سووریا سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان كوردی سووریا و ئەمریكا رایگەیاند، ئەم پەیوەندییە لەبارەی شەڕی داعشەوەیە، كوردیش چاوەڕێی ئەوە ناكات ئەمریكا بیانپارێزێت، بەڵكوو كورد تەنها پشت بەخۆی دەبەستێت بۆ پاراستنی خۆیان.

لەبارەی وابەستەیی ئیدراەی خۆسەری کوردستانی سووریا بە پەکەکەوە، ساڵح موسلیم ڕایگەیاند: کوردی سووریا و ناوەندەکانیان پێوەندییان بە پەکەکەوە نییە و فەرمانیش لەو گرووپە وەرناگرن.

جەختیشی لەوە کردەوە کە تۆمەتبارکردنی وابەستە بوونی دامەزراوە کوردییەکان لە سووریا بە پەکەکەوە، بیانووی تورکیایە بۆ پەلاماردانی کوردانی سووریا.