زلهێزەکان و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بە ئەنقەست هەمبەر تورکیا بێدەنگییان ڕاگرتووە

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S)  ڕایدەگەیەنێت: تورکیا پەیامێکی بۆ هێرشی زەمینی لە رووسیا و ئەمریکا پێنەگەیشتووە بەڵام دەیەوێت بە ناسەقامگیرکردنی دۆخەکە لە باکووری سووریا ناڕەزایی گشتیی خەڵک سەرهەڵبدات.

گەلۆ عیسا، ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا سەبارەت بە وتەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ بەستنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی باکووری سووریا بە یەکتر و هێرش کردنە سەر کۆبانی، وتی: دۆخەکە لە کۆبانی ئارامە و هیچ جووڵەیەک لە لایەن تورکیاوە نابینرێت، بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا کۆبانی دۆخێکی ئارامتری هەیە کە لەلایەن تۆپخانەکانی تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تورکیا هێرشە تۆپخانەییەکانی لە بەرەکانی شەڕ و لە گرێسپی و سەرێکانی و تەلڕەفعەت و مەنبج زیاد کردووە. مەبەستی تورکیا تەواوکردنی هێڵەکانی داگیرکاری و دەستبەسەرداگرتنی کۆبانی و تەلڕەفعەت و مەنبجە بۆ ئەوەی لە سەرێکانییەوە تا ئیدلب بچێتە ناو ناوچە داگیرکراوەکانەوە، بەڵام ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هەم لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە تاران شکستی هێنا و هەم لە کۆبوونەوەی سووچی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی رووسیا نەیتوانی مۆڵەتی هێرشێکی دیکە لە ناوراو وەربگرێت.

گەلۆ عیسا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: ڕاستیەکە ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئەوزلهێزانەی کە لە سووریا ئامادەن بە لەبەرچاو گرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ردا ده‌چنه‌ دیالۆگ و له‌م رووه‌وه‌ دانوستانه‌کانیان له‌گه‌ڵ تورکیاش به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیانەوە له‌ قه‌یرانی سووریا گرێداوه‌.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە جگە لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تاران و کۆبوونەوەی سوچی، کۆبوونەوەی جەدەش بە ئامادەبوونی ئەو وڵاتە عەرەبانە بەڕێوەچوو کە بەنیازن ناتۆی عەرەبی پێکبهێنن. ئه‌مڕۆ ئه‌و سیاسه‌ته‌ به‌ شێوه‌یه‌ک نه‌ماوه‌ که‌ ئه‌گه‌ر بڕیارێک له‌ سوچی بدرێت ئه‌وا له‌ سووریا جێبه‌جێ ده‌کرێت، چوونکه‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌م بابه‌ته‌دا ده‌ستیان هه‌یه‌ و نیشانیان داوە که‌ ئه‌وانیش‌ دژی هێرشی تورکیا بۆ سەر خاکی سووریان.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا ڕوونیشی کردەوە: تورکیا دەیەوێت دۆخی باکووری سووریا ناسەقامگیر بکات بۆ ئەوەی ببێتە هۆی ناڕەزایی دروست لەلای خەڵکی ئەو ناوچانە.

عیسا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە لە کۆبانی هەردوو هێزی ڕووسیا و هێزەکانی سوپای سووریا لەسەر سنوور جێگیرن؛ کەواتە چۆن دەتوانن مۆڵەت بدەن بە تورکیا بۆ ئەوەی هێرشێکی دیکەی سەربازی زەمینی ئەنجام بدات، وەڵامی دایەوە: ئەو لایەنانەی لە تاران کۆبوونەوە، چەندە تورکیا فشار بخاتە سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر، زیاتر هەوڵ دەدەن ئەو ئیدارەیە بەرەو خۆیان ڕابکێشن. لە ڕاستیدا ڕاستە ئەوان دژی هێرشی زەمینیی تورکیان، بەڵام دەیانەوێت ئەم ئیدارەیە لاواز بێت.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: حکوومه‌تی سووریا ده‌سه‌ڵاتێکی زۆری سه‌ربازیی نییه‌ و ناتوانێت بۆ هێرشه‌کانی تورکیا لای خۆیەوە وه‌ڵامێکی سه‌ربازی به‌هێز بداته‌وه‌، بۆیه‌ وابه‌سته‌ به‌ رووسیا و ئێرانه‌وه‌ و ئه‌م دوو وڵاته‌ش به‌ دوای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن لە سووریا.

ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموکراتی کورد له‌ سووریا له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا که‌ پووتین ده‌یه‌وێت ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ناوه‌ندی سووریا گفتوگۆ بکات، ئایا ئه‌م بابه‌ته‌ له‌سه‌ر حیسابی کورد و ئیداره‌ی خۆسەر کۆتایی نایه‌ت؟ ڕایگەیاند: دانوستانەکانی نێوان هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی تورکیا و عەلی مامود، بەرپرسی دەزگای ئاسایشی سووریا، پرسێکی نوێ نییە و پێشتریش چاویان بە یەکتر کەوتووە، بەڵام دیار نییە کە ئایا ئەو دوو وڵاتە لەبارەی قەیرانی سووریا و ڕۆڵی تورکیا و داگیرکاری لە باکووری سووریا دەتوانن بگەنە ئەنجامێکی دیاری کراو یان نا.

News Code 6646

Your Comment

You are replying to: .
captcha