هەڕەشەکانی داعش لەسەر ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی زیادی کردووە

بەشی جیهان- پازدەیەمین راپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی هەڕەشەکانی داعش لە ئەنجوومەنی ئاساییش لە شاری نیویۆرک خرایەڕوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤلادیمیر ڤۆرۆنکۆڤ، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر گوتی: "داعش و هاوسۆزەکانی بەردەوامن لە قۆستنەوەی ململانێکان، لاوازیی حکوومەتەکان و نایەکسانی، بۆ هاندان و پلاندانان بۆ هێرشی تیرۆریستی. داعش هەروەها بەردەوامە لە قۆستنەوەی رێکارەکانی دژی پەتا و بەکارهێنانی سەکۆ دیجیتاڵییەکان بۆ زیادکردنی ئەندام و کۆکردنەوەی سەرچاوەکان."

راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، جموجووڵی داعش زیاتر لە هەر شوێنێک لە سنووری نێوان عێراق و سووریا زیادیکردووە. ئاماژە بەوەش دەکات کە "گرووپە پەڕگیرەکە" لە ڕێگەی کۆمپانیای وەهمییەوە درۆنی ئاسایی بە تێچوویەکی کەم لە ئاسیا، ئەمریکا و کەنەدا کڕیوە و گۆڕیونیەتی بۆ درۆنی جەنگی و لە هێرشەکانیدا بەکاریهێناون.

ڤلادیمیر ڤۆرۆنکۆڤ، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەروەها باسی لەوەش کرد: "گرووپەکە هەروەها بەکارهێنانی درۆنەکانی لە ساڵی رابردوودا زیادکردووە، لە نێویشیاندا لە باکووری عێراق. داعش توانیویەتی بەشێکی ئەو کارە لەڕێگەی نامەرکەزی کردنی خۆیەوە بکات."

لە راپۆرتەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە:

- ژمارەی ئەندامە چالاکەکانی داعش لە عێراق و سووریا لە نێوان شەش هەزار تاوەکوو 10 هەزار چەکداردایە.

- بە گوێرەی هەندێ وڵات، داعش نزیکەی 25 ملیۆن دۆلاری هەیە، هەندێک وڵاتیش دەڵێن، 50 ملیۆن دۆلاری هەیە.

- گرووپەکە مووچەی چەکدارەکانی کەم کردووەتەوە و خێزانی هەر چەکدارێکی، مانگانە تەنیا 50 دۆلاری پێدەدرێت.

- هەر چەکدارێکی نوێش بۆ شەڕکردن بچێتە سووریا، مانگانە هەزار دۆلاری پێدەدرێت.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، داعش ئەو پارەیەی لەڕێگەی دزی، زەوتکردن، بەبارمتەکردنی خەڵک، زەکات، وەرگرتنی پارە لە هاوسۆزەکانی و داهاتی بازرگانی و وەبەرهێنان کۆ کردووەتەوە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش لە کامپ و گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان و 30 هەزار منداڵی خوار تەمەنی 12 ساڵی لە مەترسیی مێشک شۆردنەوەدان.

News Code 6652

Your Comment

You are replying to: .
captcha