فەرماندەیەکی باڵای پژاک لە قامیشلۆ کوژرا
بەشی سووریا- فەرماندەیەکی باڵای پژارک لە هێرشی درۆنەکانی تورکیا لە قامیشلۆ کوژرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەمرین عەلی، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری ناوخۆیی هەرێمی جزیرە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا 10ی ئابی 2022 ڕایگەیاند، لە بۆردوومانەکەی ڕۆژی 6ی ئابی 2022ی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا لە گەڕەکی سەناعەی قامیشلۆ، کە تێیدا چوار کەس کوژارن ژمارەیەکیان بریندار بوون، یەکێکیان یوسف مەحموود ڕەبانی، ئەندامی فەرماندەیی پژاک بوو.

ناوبراو ڕوونیشی کردووەتەوە، لەدوای هێرشەکە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و سەرباری هەموو هەوڵەکانیش بۆ ڕزگار کردنیان، بەڵام یوسف مەحموود ڕەبانی، ئەندامی فەرماندەیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک کوژراوە.

دەستەی ناوخۆی هەرێمی جزیر ئاماژەی بەوەش کردووە کە یوسف مەحمود ڕەبانی بڕیار بوو فەرماندەیی بەرەیەکی شەڕ لە دژی تورکیا بە ئەستۆ بگرێت.