لایەنەکانی ئەستانە و سووچی دەخوازن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەناو بەرن

بەشی سووریا- نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە لوبنان وتی: سه‌رکه‌وتنی گوشاره‌کانی ئەستانه‌ و سووچی و حکوومه‌تی ناوه‌ندیی سووریا بۆ له‌ناوبردنی ئیداره‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی خۆسەر بەسراوە به‌ خۆڕاگریی گه‌ل و هێزه‌کانمان و هەروەها هەڵویستی هاوپەیمانیی نێونەتەوەییەوە.

عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە لوبنان، لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا، کە دوای کۆبوونەوەی ئەم دواییەی تاران لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا، تورکیا و ئێران و هەروەها کۆبوونەوەی نێوان پووتین و ئەردۆغان لەسۆچی، تورکیا بۆ هێرشی زەمینی بۆسەر کوردستانی سووریا مۆڵەتی وەرنەگرت بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە لەدژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر درێژەی هەیە؛ ئەمە مانای چییە؟ ناوبراو ڕایگەیاند: سیاسەتی تورکیا لە دوای سەرکەوتنی کۆبانی و هەروەها سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی گەلان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٥ لە تورکیا، بەرامبەر بە کورد گۆڕاوە. پاشان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئاستانە و سووچی و بە هەماهەنگی و رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی سوریا، پلانی لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داڕێژرا.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەسەر بنەمای ئەم کۆبوونەوانە و ڕێککەوتنی لایەنەکانی ئامادەبوو لە ئاستانە و بە هاوکاری هەواڵگری تورکیا و سووریا، لە ساڵی ٢٠١٦ ترابلۆس، لە ٢٠١٨ عەفرین، و لە ٢٠١٩ سەرێکانی و گرێسپی لەلایەن تورکیاوە داگیرکران ئەوەش بەمەبەستی لاواز کردن و لە کۆتایشدا لەناوبردنی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: تورکیا له‌ ناوچه‌ داگیرکراوه‌کاندا دەستی بە گۆڕانی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە کردووه‌ و وه‌کوو ناوچه‌یه‌کی تورکیا مامه‌ڵه‌یان لەگەڵدا ده‌کات و ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ حکوومه‌تی سووریا ناڕه‌زایه‌تی بگرێتە بەر، چوونکه‌ حکوومه‌تی سووریا ئه‌و ناوچانه‌ی وەکوو ئەمانت ڕادەستی تورکیا کردبوو تا ئەو کاتەی ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا دەدۆزرێتەوە.

ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا: لە لایەکی دیکەوە رێککەوتن کرابوو کە تورکیا ئۆپۆزسیۆنی دیمەشق لە شام و غوتە و دەرعا و حومس بگوازێتەوە بۆ عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی تر و لە لایەکی دیکەشەوە لە ئیدلب، بەرەی نوسرە کە لقێکی قاعیدەیە لە ناوچەکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵ و کاریگەریی خۆیەوە.

ئەم سیاسەتوانە کوردە ئاماژەی دا بە سیاسەتی تورکیا بەرانبەر بە رێککەوتن لەگەڵ گرووپەکانی دیکە وتی: تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆی هەڵسوکەوت دەکات و بڕیاربوو ئۆپۆزسیۆن لە (رێگای ئێم 4) رێگای حەلەب بۆ لازقیە دوور بخاتەوە، بەڵام هەرگیز پابەند نابێت بە بەڵێنەکانی.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: مەبەست لە بڕیارەکانی ئەستانە و سووچی لاواز کردنی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریایە، ئێستا چ بە شەڕی زەمینی ڕاستەوخۆ یان بە هێرشی تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لایەنەکانیش هەمان بۆچوونیان هەیە کە پێویستە ئەم ئیدارە لەناو ببرێت.

نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە لوبنان سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا وتی: لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا ڕێگەی بە تورکیا نەدرا راستەوخۆ هێرش بکات. ئەگەر تورکیا هێرشی زەمینی ئەنجام نادات، ئەوە لەبەر ئێمە نییە، بەڵکوو بەهۆی ڕێککەوتنەکانیەتی لەگەڵ ڕووسیا و سووریا و ئێران، کە لەگەڵ هێرشی زەمینیی تورکیادا نین، چوونکە بڕوایان وایە ئەگەر تورکیا ناوچەیەک داگیر بکات چیدی بەجێی ناهێڵێت.

ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: ڕووسیا ده‌یه‌وێت تورکیا به‌ هێرشی ناوەناوەی‌ مووشەک و درۆن باکووری سووریا ناسه‌قامگیر بکات بۆ ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی خۆسەر ئه‌م ناوچه‌یه‌ راده‌ستی حکوومه‌تی ناوه‌ندی سووریا بکات.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: یەکێک لە ئامانجەکان ئەوەیە کە تورکیا بە زیاترکردنی هێرشەکان، هەسەدە ناچار بکات تا قووڵایی 30 کیلۆمەتر بکشێتەوە و هێزەکانی حکوومەتی ناوەندیی سووریا ئەو ناوچانە بخەنە ژێر کونترۆڵی خۆیان.

عەبدولسەلام ئەحمەد لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئەگەری جێبەجێ کردنی ئەم سیاسەتە لە چ ئاستێکدایە، ڕوونی کردەوە: سەرکەوتنی ئەم پیلانگێڕییە بەسراوە بە خۆڕاگریی گەلەکەمان و دید و پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەروەها بێدەنگیی هاوپەیمانان لەبەرامبەر ئەم هەوڵانە لە بەرژەوەندیی تورکیا و ڕووسیا و حکوومەتی سووریایە.

ناوبراو وتیشی: هەڵبەت ئەگەری سەرکەوتنی تورکیا لەم بابەتەدا کەمە، چوونکە ئەم وڵاتە لەناوخۆدا ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە بووەتەوە و یەکێک لە ئاستەنگەکانی دیکەی بەدرەم تورکیا بوونی بزووتنەوەی نوسرە و قاعیدەیە لە ئیدلب. شەڕی ئیدلب ناکۆکی نێوان لایەنەکان زیاتر دەکات.

ئەم سیاسەتمەدارە کوردە وەبیری هێنایەوە: وێنەیەکی ناڕوون لە پرسەکان لە بەردەمدایە، کە سەرێکیان بەستراوەتەوە بە قەیرانی جیهانی نێوان زلهێزەکان لە سووریا، سەرێکی تریشی بەسراوە بە قەیرانی ئۆکراینا و قەیرانەکانی دیکەی جیهانەوە.

نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە لوبنان ئاماژەشی دا بە ڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری هێرشی تورکیا و وتی: هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزێکی بەهێزن و بە بەشێکی بەهێز لە هاوکێشەکانی سووریا دادەنرێن و ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: سه‌رکه‌وتنی گوشاره‌کانی ئەستانه‌ و سووچی و حکوومه‌تی ناوه‌ندیی سووریا بۆ له‌ناوبردنی ئیداره‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی خۆسەر بەسراوە به‌ خۆڕاگریی گه‌ل و هێزه‌کانمان و هەروەها هەڵویستی هاوپەیمانیی نێونەتەوەییەوە.

News Code 6661

Your Comment

You are replying to: .
captcha