سەرەڕای ئاڵنگاریه‌ ئەمنیانەییەکان كار كردنمان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- كۆمپانیای دانه‌گازی ئیماراتی ڕایگەیاند سەرەڕای ئەو ئاڵنگاریه‌ ئەمنیانەی كه‌ کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی بوه‌تەوە، به‌ڵام بەردەوام بووه‌ لە كاركردنی لە هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ پچڕانێک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمپانیای دانەگاز لە ڕاپۆرتێکدا چالاکییەکانی خۆی لە نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی 2022دا بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە: كۆی به‌رهه‌مهێنانی گاز له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا به‌ڕیژه‌ی 1% زیادی كردوه‌، هه‌روه‌ها پێشکەوتنی باشیشی له‌ فراوانکردن و گەشەپێدانی ئاسانکاریی پڕۆسەی به‌رهه‌مهێنانی گاز له‌ كێڵگه‌ی خورمه‌ڵه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە هه‌رچه‌نده‌ له‌ مانگی (حوزه‌یران/6) كاركردن له‌ كێڵگه‌كه‌ به‌هۆی نیگه‌رانیه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ راگیرا، بەڵام کۆمپانیاکە بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ناوخۆییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە و دەستپێکردنەوەی کاره‌كان.

دکتۆر پاتریک ئەلمان وارد، بەڕێوەبەری جێبه‌جێكاری کۆمپانیای دانەگاز لەمبارەوە رایگه‌یاند: "دانه‌گاز له‌ماوه‌ی نیوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا ئەنجامی بەهێزی بەدەست هێناوە، سەرەڕای خراپتربوونی ناسەقامگیریی و گەشەسەندنی بەرەنگارییە ئابوورییە جیهانییەکان و بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام بن بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی تێچوون".