مزگین ئایدین نووسەری کورد پاش سی ساڵ لە زیندانی کردن ئازاد کرا

بەشی تورکیا- خاتوو مزگین ئایدین نووسەری کوردی خەڵکی دیاربەکر پاش تەحەمول کردنی 30 ساڵ زیندان، ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مزگین ئایدین بە نازناوی ڕووناک نووسەری خەڵکی دیاربەکر، دوای تەحەمول کردنی سی ساڵ زیندان، دوێنێ لە زیندان ئازاد کرا. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئایدین دووەم زیندانیی ژنە کە دوای سی ساڵ ئازاد دەکرێت.

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەی دیوار، ڕووناک لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا لە باتمان، سیواس، ماردین، ئەلبۆستان بینگال و دواجاریش لە زیندانی قەبزە زیندانی کراوە. لەم ساڵانەدا بەشداری لە چەندین مانگرتندا کردووە. ناوبراو لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کە لە زیندان بوو تووشی نەخۆشی بەرزی پەستانی خوێن و سستبوونی گورچیلە بووە، لە ئێستاشدا چارەسەری شێرپەنجەی مەمک وەردەگرێت.

ئایدن تەمەنی 19 ساڵ بوو کاتێک بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستگیرکرا و پاش دادگایی کردن دواجار خرایە زندان.

ئەندامانی بنەماڵەی ئایدن، ئەندامانی کۆمەڵەی هاودەنگی و هاوکاریی سزادراوانی مەڕمەڕە (MATUHAY-DER)، ئەندامانی کۆمەڵگەی دایکانی ئاشتی، و ئەو خێزانانەی کە کەسوکاریان لە زینداندان، لەبەردەم زیندانی قەبزە گردبوونەوە و پێشوازییان لە ڕووناک کرد.

ئایدن لە وتارێکی کورتدا، ڕێزی لە یادی ئەو کەسانە گرت کە لە پێناو دیموکراسی و ئازادیدا گیانیان لەدەست داوە و وتی: "تا ئەو کاتەی تەنانەت یەک هاوڕێمان لە زینداندا مابێت، ئازادی بەدی نەهاتووە". ناوبراو داوای ئازاد کردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی کرد.

شایانی باسە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئایدن لەگەڵ خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی دیاربەکر.

News Code 6664

Your Comment

You are replying to: .
captcha