لەسەر بنەمای هاوبەشی دژایەتی کردنی کورد، ئەردۆغان سەرەتایەکی نوێ لەگەڵ دیمەشق دەستپێدەکات

بەشی تورکیا- فەهیم تاشتکین لە یاداشتێکدا ئەم بابەتەی شی کردۆتەوە کە ئەردۆغان لەسەر بنەمای هاوبەشی دژایەتی کردنی کورد، هەوڵ بۆ بووژاندنەوەی پێوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ دیمەشق دەدات ئەوەش بە ئامانجی نەهێشتنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەهیم تاشتکین، رۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسی پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یاداشتێکدا ئەم بابەتەی شی کردۆتەوە کە رەنگە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە پشت بەستن بە دوژمنایەتی لەگەڵ کورد بیەوێت سەرەتایەکی نوێ لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق دەست پێبکات. ئامانجی ئەم هەوڵە نوێیەش جگە لە هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هیچی تر نییە.

تاشتکین کە تا ئێستاش ئەندامی دەستەی سەرنووسەری گازێت دیوارە، لە یاداشتێکدا دەستکەوتەکانی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ سووچی و دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی رووسیا شی کردۆتەوە.

تاشتکین لەم یاداشتەدا ڕەهندە جیاجیاکانی سەردانەکەی ئەردۆغانی بۆ سووچی شی کردۆتەوە بەم جۆرە لێکی داوەتەوە کە ئەردۆغان لەم سەفەرە بە دەستی بەتاڵ گەڕاوەتەوە. یەکێک لەو تەوەرانەی کە تاشتکین باسی کرد، پرسی مامەڵەی بازرگانی بوو لە بواری غازی سروشتی لەگەڵ ڕووسیا، کە دواجار لەسەر خواستی پووتین بە ڕوبڵ ئەنجام دەدرێت نەک بە لیرە.

بەڵام گرنگترین بەشی ئەم شیکارییە پەیوەندیی بە داواکەی ئەردۆغانەوە هەبوو لە پووتین بۆ ئەوەی ڕازی بێت بە هێرش کردنە سەر سووریا. تاشتکین نووسیویەتی: " بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ لە سووریا هیچ گڵۆپێکی سەوز بۆ ئەردۆغان هەڵنەکرا". بەڵام ئەردۆغان ئەمجارەیان ئاماژەی بە خاڵێکی نوێی کرد و ئەویش پەیوەندی هەواڵگری بوو لەگەڵ دیمەشق.

ئەردۆغان پاش گەڕانەوەی لە گەشتە یەک ڕۆژەکەی بۆ ڕووسیا، ئیدیعای کرد کە سەرۆکی ڕووسیا پێشنیاری هاوکاری تورکیای لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق کردووە. ئەردۆغان لە وتارێکدا وتی: پووتین هەمیشە ڕێدۆزێکی دادپەروەرانە لەبارەی شەڕی تورکیا لەگەڵ کوردەکان گرتۆتە پێش. پووین بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە لە شەڕی دژی "تیرۆر"دا هەمیشە لەگەڵمان دەبێت. هەروەها ناوبراو پێی ڕاگەیاندین کە " ئەگەر کێشەکانتان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق چارەسەر بکەن، باشتر".

ئەردۆغان لە درێژەدا ئیدیعاشی کرد: لە ئێستادا دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا هاوکاری لەگەڵ سووریا دەکەن. ئێمە پێیان دەڵێین ئەگەر لە ئێستایشدا "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" لەوێ تەڕاتێن دەکەن، پێویستە لەمبارەوە یارمەتیمان بدەن. «ئێمە لەمبارەوە چەندین ڕێککەوتنمان هەیە».

تاشتکین ئاماژە بە قسەکانی ئەردۆغان دەکات و وای بۆ دەچێت: "ئەم قسانە نیشان دەدەن کە ئەردۆغان هەوڵ بۆ ئەوە دەدات سەرەتایەکی نوێ لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق لەسەر بنەمای دوژمنایەتی هاوبەش لەگەڵ کورد دەست پێبکات بکات".

ئەردۆغان دەڵێت پێویستە ئێوەش بەشداری ئەو شەڕە بکەن کە من دەستم پێکردووە. واتە بە کردار ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵدەوەشێتەوە و کورد پێگەی خۆی لەدەست دەدات.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، هەرچەندە کرێملین پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی سووچی ڕایگەیاندبوو کە لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگات، بەڵام هەروەها هۆشداریی ئەمەشی دا کە ڕەنگە ئەم شەڕە ئەنجامێکی باشی لێ نەکەوێتەوە. واتا هەروەک چۆن کۆبوونەوەی ئاستانە لە تاران لە ١٩ی خاکەلێوە هیچ گڵۆپێکی سەوزی بۆ ئەردۆغان نیشان نەدا، سووچیش گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغان هەڵ نەکردووە.

تاشتکین هه‌روه‌ها ئەم بابەتەشی شی کردۆتەوە کە "ئه‌ردۆغان بۆ ڕزگار کردنی خۆی لە هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2023 چاوی له‌ پووتینه‌ و پوتینیش چێژ له‌ سه‌یر كردنی "داماویی" ئەردۆغان دەبینێت و یاریی پێدەکات.

News Code 6665

Your Comment

You are replying to: .
captcha