مه‌سعود بارزانی و خه‌میس خه‌نجه‌ر به مەرجێک پشتیوانی لە هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ دەکەن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی سیاده‌ کۆ بوونەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی باره‌گای بارزانی، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ سه‌لاحه‌ددین مه‌سعوود بارزانی پێشوازیی  له‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆکی هاوپه‌یمانێتیی سیاده‌ کرد و له ‌دیدارێکدا هه‌ردوولا بیروڕایان له‌باره‌ی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاته‌کانی ناو پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ کرد.

هەردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی و کاری هاوبه‌شی نێوانیان کردەوە بۆ ده‌ربازبوون له‌ چه‌قبه‌ستوویی سیاسی.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش کراوه‌، "هه‌ر له‌و دیداره‌دا په‌یوه‌ست به‌ قه‌یرانی سیاسیی عێراق، هه‌ردوولا ئه‌وه‌یان دووپات کرده‌وه‌ که‌ هه‌ر ده‌ستپێشخه‌ری و هه‌نگاوێکی نوێ پێویسته‌ به‌ ئاڕاسته‌ی باشترکردنی دۆخی سیاسیی عێراق و کۆتایی هاتنی قه‌یرانی سیاسی بێت".

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا باس له‌وه‌ش کراوه‌، له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕابوون، "ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ هه‌نگاوێکی باشه‌ به‌ مه‌رجێک که‌ هه‌موو لایه‌ک پابه‌ندی ئه‌نجامه‌کانی بن".