ئەندامێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە یەکڕیزیی نێوان هێزە کوردستانییەکان دەکاتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان جه‌ختی له‌ پێویستیی یه‌كڕیزی نێوان هێزه‌ كوردییه‌كان كرده‌وه‌ له‌ قۆناخی داهاتوودا، ئەوەش به‌ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی ئاڵۆزی عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فائیق ئێزیدی لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "بەغداد الیوم"دا وتی: ئێستە عێراق ڕووبەڕووی تەحەدای زۆر بووەتەوە و ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە، داواش کراوە بۆ پێداچوونەوە بە دەستووری ئەو وڵاتە، هەموو ئەو بارودۆخەیش کورد و دەسکەوتەکانی کوردی کردۆتە ئامانج.

یەزیدی ئەوەشی خستەڕوو، کە دۆخی ئێستای عێراق هێزەکانی کوردستان ناچار دەکات ریزەکانیان یەکبخەن، ناوبراو دەشڵێت: ئەم دۆخە سیاسییە زیان بە میللەتی کورد دەگەیەنێت، بۆیە دەبێت هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەوڵ بۆ خزمەت کردنی هاوڵاییان بکەن.