پارتی دیموکراتی کوردستان پپشتیوانیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ڕاگەیاند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەکتەبی سیاسیی پارتی لە ڕاگەیەنراوێکدا (13ی ئابی 2022) داوا دەکات لایەنە سیاسییەکان بەڵێن بدەن کە "بەئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان رازی دەبن وەک خۆی و ئەزموونی ھەڵبژاردنەکانی رابردووی عێراقیش دووبارە نەبێتەوە."

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە دەڵێت: "لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاریی راستەقینە و باشترکردنی بارودۆخی ئێستای عێراق دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەموو لایەنەکان رێکبکەون".

دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

سەبارەت بە بارودۆخ و ئاڵۆزیە سیاسییەکانی ئەم دواییەی عێراق پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕەزایی و ناڕەحەتی خۆی لە ھەمبەر بارودۆخ و تەنگژەی سیاسی ئێستای عێراق دەردەبڕێت. روونە کە ھەر لە سەرەتای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی عێراق کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 ئەنجامدرا و ئەو دەرھاوێشتە و کێشە و ئاڵۆزی و پێشھاتانەی دوای ھەڵبژاردن بوونە تەگەژەیەک لەھەمبەر دامەزراندنی حکومەتی تازەی عێراق لەسەر بناغەیەکی دەستووریی باوەڕپێکراو و لەسەر بنەمای سیستمی سیاسیی ئێستای عێراقدا لەئاکامدا وڵات گەیشتە لێواری باردۆخێکی سیاسیی داخراو.

لەڕوانگەی ھەست کردن بەوپەڕی بەرپرسیارەتی و لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتدا و بۆ پاراستنی عێراق لەو مەترسیانەی کە لەقۆناخی ئێستایدا رووبەڕووی دەبێتەوە داوا لە سەرجەم سەرکردە ساسییەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق دەکەین کە لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناخی ئێستادابن و داواش لە ھەموو لایەنەکان دەکەین ھەنگاوی جیدی و پێویست و بەپەلە بگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار و سەرکەوتوو لەسەر بناغەی پشت بەستن بەبنەماکانی دەستووری عێراق بۆ رزگارکردنی وڵات لەو دۆخە چەقبەستوویەی ئێستایدا.

ھەربۆیەش لە پێناو ئەنجام دانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری راستەقینە و باشترکردنی بارودۆخی ئێستای عێراق دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەموو لایەنەکان رێکبکەون و بەڵێنی ئەوەش بدەن کە بەئەنجامی کۆتای ھەڵبژاردنەکان رازیدەبن وەک خۆی و ئەزموونی ھەڵبژاردنەکانی رابردووی عێراقیش دووبارە نەبێتەوە.

News Code 6683

Your Comment

You are replying to: .
captcha