چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی ئێستای عێراق پێویستی به‌ ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مان هه‌یه‌
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، بۆئه‌وه‌ی وڵات زیاتر به‌ره‌و ئاژاوه‌ و تێکچوون نه‌چێت، پێویسته‌ په‌له‌ بکرێت له‌ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جاسم مووسه‌وی ئه‌ندامی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: ده‌رگای چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی کراوه‌یه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ک بۆ کۆتایی هێنان به‌ قه‌یرانی ئێستا.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، "هاوبه‌شه‌ سیاسییه‌کانمان ئاگاداری مه‌ترسی قۆناغه‌که‌ نه‌بوون و هاوبه‌شه‌کان رۆڵی خۆیان له‌ پاراستنی ده‌وڵه‌ت ناگێڕن و شه‌رعیه‌ت به‌ ئاژاوه‌ ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری نه‌مێنێت".

ئەندامەکەی دەوڵەتی یاسا باسی له‌وه‌ش کرد: "چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی ئێستا به‌په‌له‌ پێویستی به‌ پێکهێنانی حکوومه‌تێکی نوێ و ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مان هه‌یه‌، به‌مجۆره‌ش ناتوانرێت په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ئه‌نجام بدرێت تاوه‌کوو حکوومه‌تێکی کاربه‌ڕێکه‌ر هه‌بێت".