هەرگیز کرماشان دابەش ناکرێت و نابێتە دوو پارێزگا
بەشی کرماشان- سەرۆکی دەستەی نوێنەرانی کرماشان ڕایگەیاند: پرسی دابەش بوونی کرماشان بە فەرمی باسی لێوەنەکراوە و هەرگیز ڕوونادات.

ئارش لهۆنی نوێنەری هەورامانات و سەرۆکی دەستەی نوێنەرانی پارێزگای کرماشان بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: ڕەنگە هەندێک لە نوێنەران بە شێوەیەکی نافەرمی قسەیان کردبێت لەسەر توانای هەندێک شار بۆ بوون بە پارێزگا، بەڵام هیچ کام لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە فەرمی پرسێکی لەو جۆرەیان نەوروژاندووە یان بەدواداچوونی بۆ نەکردووە و هەموویان پشتیوانی لە گەشەکردن و پێشکەوتنی پارێزگای کرماشان دەکەن.

ناوبراو وێڕای جەخت کردن لەسەر ئەوەی کە هەورامانات بەشێکی هەمیشەیی پارێزگای کرماشانە، درێژەی دا و وتی: هەورامانات بەشێکی زۆر گرینگی مێژوو، فەرهەنگ، شوناس و جوگرافیای پارێزگای کرماشانە و خەڵکی ئەم ناوچەیە و ناوچەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە پێکەوەژیانیان لەگەڵدا هەیە خۆشەویستی و دۆستایەتیان بە درێژایی مێژووە.