سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانیی قەتح لە سلێمانی کۆ بوونەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح کۆ بووەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی کرد لە ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، لە دیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان و دەستپێشخەری نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ کران و بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕ کرا.

ئەوەش هاتووە، لە دیدارەکەدا جەخت لە یەکخستنی ھەوڵە نیشتمانییەکان كرایەوە لەپێناو دۆزینەوەی دەرچەی دەستوریی و یاسایی بۆ دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەی عێراقی تێکەوتووە. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆكان و دیالۆگی بونیادنەرانە بۆ زاڵ بوون بەسەر كێشەكان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە کردوە، یەکێتی پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات کە سەرجەم لایەنەکان کۆ بکاتەوە و ئامانج لێی گەیشتن بێت بە رێککەوتنێکی نیشتمانی و دەربازکردنی وڵات لەو دۆخەی تێیکەوتووە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، "لەماوەی رابردوودا بەھەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال داوای گفتوگۆی نیشتمانیمان کرد بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکان. بۆ ئەمڕۆش ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە کە لەگەڵ دیدگای یەکێتی یەکدەگرێتەوە و لەخزمەتی گشتی و سەقامگیری وڵاتدایە یەکێتی پشتیوانی دەكات".