پرسەکانی عێراق لامانەوە زۆر گرینگە/ دانوستانەکانی ڤیێنا بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە
بەشی ئێران- وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی عێراق ڕایگەیاند: پرسەکانی عێراق لامانەوە زۆر گرینگە و بە هەستیارییەوە چاودێریی دۆخی ئەو وڵاتە دەکەین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 15-08-2022 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند:تاران داوا لە هەموو لایەن و پارتە سیاسییەکانی عێراق دەکات بەپێی دەستوور و بە پشتبەستن بە رێکارە یاساییەکان، کێشەکانی نێوخۆی ئەو وڵاتە چارەسەر بکەن.

ناسر کەنعانی ڕاشیگەیاند: ئێران گرنگیی بە عێراق دەدات و پێی وایە دەبێ هەموو لایەنەکان هەوڵ بدەن بە هاوئاهانگی و گفتوگۆ کێشەکان چارەسەربکەن و ئەم دۆخە تێپەڕێنن؛ هەروەها داواشی کرد لایەنە سیاسییەکان هەوڵ بدەن بەرژەوەندیی نیشتمانی لەسەرووی بەرژەوەندیی گرووپ و لایەنە سیاسییەکان دابنێن بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتە.

وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئێران لە بارەی پرسی وزەی ناوەکی وتی: تا ڕادەیەک بەرەوپێشچوونمان لە ڤیێنا بەدەست هێناوە بەڵام بەشوێەی تەواو داخوازییە یاساییەکانی ئێران بەدەست نەهاتووە.