هیچ کەس لەگەڵ هێرشی سەربازی تورکیا نییە/ دیمەشق داوای تەسلیم بوونمان لێدەکات

بەشی سووریا- فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت: زلهێزە جیهانییەکان و وڵاتانی ناوچەکە دژی هێرشی سەربازیی تورکیا بۆسەر باکووری سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە گفتوگۆ لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی حۆڕەدا، ڕایگەیاند کە کۆدەنگی هەیە لە دژایەتی کردنی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆسەر باکووری سووریا.

نابراو ئاماژەی بەوەش دا: ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی سووریاوە بۆ ڕێگری کردن لە هەر هێرشێکی تورکیا لە باکووری سوریا هاوکاری دەکەین.

کۆبانێ رەتیكردەوە هیچ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لەلایەن هێزەكانی توركیاوە ئەنجام درابێت، جگە لە ژمارەیەک هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و هێرشی تۆپخانە و ئاماژەی بەوەش دا: توركیا بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەكان ئەم ئیدیعایانە دەکات، بەڵام ئێمە رێگەمان نەداوە و نادەین هیچ هێرشێكی زەمینی ئەنجام بدرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە تورکیا ئۆپەراسیۆنی گۆڕینی دیموگرافیا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکان لە باکووری سووریا ئەنجام دەدات و زیادی کرد: ئامانجی سەرەکیی تورکیا بە گشتی دوژمنایەتی کوردە و دەیەوێت پرسی کورد لە سووریا نەهێڵێت.

فەرماندەی هەسەدە جەختیشی كردەوە: ئیدیعاکانی توركیا سەبارەت بە پرسە مرۆییەكان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی سووریا درۆیە، بەڵکوو توركیا ئامانجی سیاسی هەیە و هەموو خەڵكی سووریا دەكاتە ئامانج بە کوردەکانیشتەوە.

کۆبانێ وتیشی: حکوومەتی دیمەشق و ڕووسیا دژی ھەڕەشەکانی تورکیان، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ڕژێمی سووریا ھەوڵ ئەدات سوود لە ھەڕەشەکان وەربگرێت بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی کوردستانی سووریا.

فەرماندەى گشتیى هەسەدە ھۆشداری دا لە کاردانەوەی ھەر ھێرشێکی نوێی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکانیش کرد، کار بکەن بۆ ڕێگری کردن لەو ھێرشانە.

News Code 6706

Your Comment

You are replying to: .
captcha