گەشتی ڕاستەوخۆ لە نێوان چیک و هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کونسوڵخانەی وڵاتی چیک لە هەولێر رایگەیاند، لەمەودوا گەشتی راستەوخۆ لە نێوان هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و پراگی پایتەختی چیک دەکرێتەوە..

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ کارێل کۆرتانێک، کونسوڵی گشتیی چیک لە هەولێر و بەڕێوەبەری کۆمپانیای فلای ئەربیل له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا باسیان له‌ ده‌ست پێكردنی گه‌شتی راسته‌وخۆی نێوان هه‌ولێر و پراگی پایتەختی چیک كرد.

کارێل کۆرتانێک، کونسوڵی گشتیی چیک لە هەولێر له‌ كۆنگره‌كه‌دا رایگه‌یاند: "دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ زیادکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بوار بۆ زۆر کار و پیشە دەڕەخسێنێت".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دەستپێکردنی گەشتەکان دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بەرەوپێش بردنی کەرتی گەشتوگوزاری لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی.

لایخۆیه‌وه‌ بەڕێوه‌بەری جێبەجێکاری کۆمپانییای فڕۆکەوانی فڵای ئەربیل له‌ كۆنگره‌كه‌دا رایگه‌یاند، دوای هەوڵێکی زۆر لەگەڵ بەرپرسانی کۆمای چیک و کونسوڵی وڵاتەکە، برپرسانی هێڵی فڕۆکەوانی مەدەنی چیک ڕەزامەندیانداوه‌ بە دەستپێکردنی گەشتی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەولێر و پراگ، هەمو ئاسانکاریەکی وەرگرتنی ڤیزەش بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، "ئەم بڕیارە هەرێمی کوردستان بە وڵاتی چیکەوە دەبەستێتەوە کە دەبێتە دەروازەییەکی دیکەی هەرێمی کوردستان بەڕوی جیهاندا".