یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی پارتی دیموکرات دەکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەبۆنەی دامەزراندنی پارتییەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی تێپەربوونی 76 ساڵەی دامەزراندنی پارتییەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە دەکات.

لە پەیامەكەی مەكتەبی سیاسییی یەكێتیدا هاتووە: ھیوادارین ئەم یادە ببێتە دەرفەتێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانمان لە پێناو ڕەوینەوە و تێپەڕاندنی گشت ئەو لەمپەڕانەی کەلەسەر ڕێگەی لێکتێگەیشتمان لە کاری ھاوبەش لە کوردستان و عیراق و بە تایبەتی لەرێی گەشەپێدانی سیاسەتێکی دادپەروەرانەی کوردستانیی حوکمڕانی و ئابووری و خزمەتگوزاریدا دروست بوون .

یەكێتی ئومێدەوارە لەم یادەدا، پرس و جووڵە سیاسیەکانی جیھان و ناوچەکە و عێراق بەھەند وەربگیرێت و دەڵێت: گشت ھێز و لایەنە سیاسییەکان ھەوڵەکانمان بە جۆرێک یەک بخەین کە لە قازانجی یەکریزی و پێکەوەیی گەلەکەماندا بێت، بە تایبەت لە بەغدا بە یەک پاکێجی نیشتمانی وکوردستانییەوە ڕوبەڕووی ئەوبارودۆخە نەخوازراوەی ئێستای عێراق ببینەوە بۆ دەربازکردنی ووڵات لەو دۆخەی تێیکەوتووە.