بەردەوام دەبین لە هاوکاری کردنی هێزەکانی پێشمەرگە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ سانبۆڕن بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایشی ئەمریکا کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، باسنیووز بڵاوی کردەوە لە کۆبوونەوەکەدا دوایین هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکان و پڕۆسەی چاکسازی، لە تەواوی سێکتەرە سەربازی و ئیدارییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پرسی دوایین جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش، رووبەڕوو بوونەوە و لە ناوبردنیان لە تەواوی ناوچەکە، بە هەماهەنگی سوپای عێراق لە رێگەی ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، وێڕای ستایشی تەواوی راوێژکاران و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، رایگەیاند: "پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و لەم پێناوەشدا، هەوڵەکانمان چڕ کردۆتەوە، توانیومانە گۆڕانکاری زۆر لە بوارەکانی سەربازی و ئیداریی بکەین لە وەزارەتی پێشمەرگە".

هەروەها گوتیشی: "بە هەوڵ و پشتیوانی بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانان رۆژ لە دوای رۆژ هەنگاو دەنێن بۆ دروستبوونی هێزێکی نیشتیمانی بەهێز، لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا".

لەلای خۆیەوە، کۆڵۆنێڵ سانبۆڕن خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها باسی لە هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی ماوەی رابردوو کرد، کە بۆتە جێگەی سەرنج و دڵخۆشی ئەوان، راشیگەیاند: "هیوادارین وەزارەتی پێشمەرگە، بەردەوام بێت و لەم پێناوەدا پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە".